سەفین دزەیی: رێگری لە شنگالییەکان دەکرێت بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هێزە نایاساییەکان رێگری لە شنگالییەکان دەکەن بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و هیچ خزمەتگوزارییەکیشیان پێشکێش ناکەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 4ـی ئابی 2024، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "رۆژێکی ناخۆشی میللەتەکەمان یاد دەکەینەوە کە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان بوو، ئەو رۆژەی هەواڵەکەم بیست کە داعش هێرشیکردە سەر ئێزدییەکان و ویستی بنبڕیان بکات، هەوڵماندا بەرگری لەخۆمان بکەین و کوردستان بپارێزین، لە کاتێکدا ئێمە پەیوەندیمان بە ئاڵۆزییەکانەوە نەبوو".
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سوپاسی پشتیوانییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە جەنگی دژی داعش دەکات، "ئێمە پێویستمان بە هاوکاریی بەردەوامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان".
 
بە بڕوای دزەیی، هەندێک هێز بە نایاسایی لە شنگالن، رێگری لە گەڕانەوەی خەڵکەکە دەکەن. "پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت، ئەو گرووپە نایاساییانەی لە شنگالن، ناوچەکە بۆ شنگالییەکان جێبهێڵن کە ئێستا داگیریان کردووە".
 
ساڵی 2014، دوای هێرشەکانی داعش، ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدی و ناوچەکانی دیکەش، لە دەست داعش هەڵاتن و هەرێمی کوردستانیان کردە پەناگە بۆ خۆیان. سەفین دزەیی دەڵێت، "چیرۆکی خەمناکی ئێزدییەکان کۆتایی نەهاتووە، ئەوان لە کەمپەکان و تاراوگەدا دەژین، ئێمە چەندین ساڵە رووبەڕووی لەنێوچوون دەبینەوە، لەکاتێکدا شانازی بە پێکەوەژیان دەکەین، خەڵکێک ویستی ئەو پێکەوەژیانە لە کوردستان وێران بکات".