لیژنەی تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی سلێمانی: چوار هەزار خانووی زێدەڕۆ تاپۆ کراون
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکانی سلێمانی دەڵێت، لەکۆی 12 هەزار خانووی بێ تاپۆ، نزیکەی 4 هەزاریان تاپۆکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کام ناوچە و گوند زوو نەخشەی تەواو بێت، خانووەکانی تاپۆ دەکرێن.
دیلمان لەتیف رەشید، سەرۆکی لیژنەی ناوەندی بۆ تاپۆکردنی خانووە زێدەڕۆکان، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەکانی رابردوودا هەزاران خانووی زێدەڕۆ تاپۆکران. هەر شوێنێک نەخشەی زوو تەواو بێت و رێکارەکانی زووتر رایی بکرێن، زووتر خانووەکانی تاپۆ دەکرێن".
ئەوە لەکاتێکدایە، شارەوانیی سلێمانی لە نوێترین بانگەوازدا رایگەیاند، "دوای ئەوەی رێکارەکانی تاپۆکردنی باوەگێڵدی، سەردارئاوا، دارەتووی نەزەر و کەنەکەوەی خان تەواوبوون و تاپۆکردنی مەلا داودیش بەرەو کۆتایی دەڕوات، ئێستا خۆشحاڵین پێتان رابگەیێنین کە تاپۆکردنی ئەم گوندانەی خوارەوەش بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019ی هەموارکراو، لەم هەفتەیەوە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە:
1-گوندی کۆڵەبی.
2-گوندی داربەڕووڵە.
3-گوندی کانی پان.
4-گوندی کانی سەفەر.
5-گوندی کەڵەوانان.
6-گوندی جێشانە.
7-گوندی باڵچوخ.
شارەوانی سلێمانی دەڵێت، "ئەو بەڕێزانەی لە ماوەی یاساییدا داواکارییان پێشکێش بە پارێزگای سلێمانی کردووە با کۆپی کارتی نیشتمانیی خۆیان و هاوژینیان لە ماڵەوە ئامادەبکەن و چاوەڕوانی پەیوەندیی تەلەفۆنیی لیژنە لاوەکییەکانمان بن".
بەپێی شارەوانیی سلێمانی، یەکێک لە مەرجەکانی تاپۆکردن ئەوەیە داواکار خاوەنی بینای خانووەکە بێت، بۆیە ئەگەر کەسێک دوای داواکاریکردن خانووەکەی فرۆشتبێت و لەکاتی سەردانی لیژنە لاوەکییەکاندا کڕیارەکە لە خانووەکەدا بێت، تاپۆکردنی خانووەکە رەتدەکرێتەوە.
یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی لە سنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە، ژمارە 3ی ساڵی 2019 لە 6ی تەممووزی 2021 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە هەموار کرایەوە و پەسند کرا.
بەپێی هەمواری یاساکە، رێژەی 5%ی نرخی خانووەکە وەک بڕە پارەیەک لە خاوەن ئەو خانووانەی زێدەڕۆن وەردەگیرێت بۆ تاپۆکردنی خانووەکان.