کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و فراکسیۆنی عەرەبی و توركمانی؛ 'رەچاوی مافی پێکهاتەکان بکرێت'

04-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆک بارزانی لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی فراکسیۆنی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا "جەخت لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک بە ئاراستەی رەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكان کرایەوە".
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆك بارزانی لە پیرمام پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی فراکسیۆنی عەرەبی و توركمانیی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و ژمارەیەك پەرلەمانتار و سەركردەی سیاسی بە سەرۆكایەتیی شێخ خەمیس خەنجەر کرد. 
 
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، لەو كۆبوونەوەیەدا "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها دۆخی كەركووك و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی و هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركووك و دیاریكردنی پۆستە ئیدارییەكانی دیکەی كەركووك ئاڵۆگۆڕ كرا".
 
هەر لەو دیدارەدا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە پێویستە چارەسەرەكان بە ئاراستەی رەچاوكردنی مافی سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك و لە خزمەت پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی ئەو شارە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان و بوژانەوەی كەركووك بێت ئەویش لە چوارچێوەی تەوافق و كۆدەنگیی نیشتیمانی".
 
لەلایەکی دیکە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جیا لەگەڵ پێکهاتەکانی عەرەب، تورکمان و یەکێتی و نوێنەرەکەی کریستیان و پارتی کۆبووەوە، ئەوەش بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی لایەنەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگار.
 
شەممە، 3ـی ئابی 2024، فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کریستیانەکان جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە هەوڵەکان و لەپێشینەدانانی بەرژەوەندییەکانی کەرکووک کردەوە، هەروەها پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی پارێزگاکەی بە پێویست زانی؛ چونکە هاووڵاتییانی کەرکووک پێویستییان بە خزمەتگوزاری زیاتر و باشکردنی دۆخی ئابووری شارەکەیە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "سوودانی پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەربڕیوە و جەختی لە گرنگیی پێکەوە کارکردن و پەراوێز نەخستنی یەکدی کردووەتەوە، کە ئەوەش برایەتیی نێوان پێکهاتەکان فەراهەم دەکات و هاوکار دەبێت بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی پارێزگاکەدا."
 
ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتی و بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە بە رووداوی گوت، سوودانی بەلایەوە گرنگ بوو لە وادەی یاسایی دوای یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەن، حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبهێندرێت و پۆستی پارێزگاری شارەکە یەکلابکرێتەوە.
 
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، سوودانی داوای کردووە بە رێککەوتن لەنێوان لایەنەکان، پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن دابەش بکرێن.
 
18ـی کانوونى یەکەمى 2023 هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق و کەرکووک کرا.
 
لە 28ـی كانوونى 2024ـدا ئەنجامى کۆتایی لەلایەن دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن پەسند کرا، بەڵام بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ نەتوانراوە حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبهێندرێت.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 ئەندام پێکهاتووە؛ یەکێتی 5 کورسی، پارتی 2 کورسی و کۆتای کریستیانیش نزیکە لە یەکێتی 1 کورسی هەیە. هەروەها پێکهاتەی عەرەبی 6 کورسی و تورکمانیش 2 کورسیان هەیە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە