بەرپرسێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیەوێت کۆتایی بە قەیرانی سیاسی بێت


رووداو دیجیتاڵ 

وڵاتانی ئەندام لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتگیری لە بڕیارەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن. بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵیت، نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بە یەکسانی مامەڵەی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کردووە و هەر بۆیەش کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە دەستپێشخەرییەکانی دەکەن.
 
رۆژی هەینی، 4-8-2023، نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە زانا کایانی پێشکێشی کرد، رایگەیاند، "ئەو پشتگیرییە نێودەوڵەتییەی لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا لە بڕیاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن کرا، پشتیوانیکردنە لە راستەڕێکردنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لەو قەیرانەی ئێستا تێکەوتووە دەربازی بێت".
 
رۆژی پێنجشەممە، 03-08-2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25-02-2024ی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد، ئەوەش دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.
 
دوای دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمریکا، ئەڵمانیا، کەنەدا، هۆڵەندا، بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا و چەندین وڵاتی دیکەی پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد. نیاز ساڵح لەوبارەوە گوتی، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا بە شێوەیەکی یەکسان مامەڵەی لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و تەنانەت نەک بەشێک نەبووە لە کێشە نێوخۆییەکان، بەڵکو هەوڵیداوە کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکرێن، ئەمەش لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە جێگەی بایەخ بووە، بۆیە هەر کاتێک دەستپێشخەرییەکی هەبێت، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتیوانی لێدەکرێت".
 
بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نیگەرانە لەو دۆخەی بەهۆی دواکەوتنی هەڵبژاردنەوە لە هەرێمی کوردستان دروستبووە و گوتی، وڵاتانی دۆست نیگەرانن "لەوەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە دوادەخرێت، لەبەر ئەوەی لە وڵاتانی دیموکراسییدا رەوایەتیی دامەزراوەکان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە لەکاتی دیاریکراودا وەردەگیرێت".
 
جیاوازیی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، ئەو ترسەی دروستکردووە کە هەرێمی کوردستان چی دیکە نەتوانێت پاڵپشتییە نێودەوڵەتییەکانی بپارێزێت. نیاز ساڵح دەڵیت، "بۆ ئەوەی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بێت یان ئەو پشتگیرییەی هەیەتی بیپارێزێت، دەبێت کورد نێوماڵی خۆی رێکبخاتەوە و رێز لە پرۆسەی دیموکراسی بگرێت، هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیاندا ئەنجامبدرێن، کێشەکان چارەسەربکرێن و ئامانجی سەرەکی هەموو لایەنە سیاسییەکانیش کوردستان بێت".