رووداو - سلێمانی
جارێکی دیکە نۆرەی دوور و درێژی وەرگرتنی بەنزین لە هەولێر سەریهەڵدایەوە، بەشێک لە شۆفێران لە بەیانیی زووەوە بۆ بەنزین دەوەستن؛ بەڵام دیمەنەکانی نۆرەی بەنزین لە سلێمانی نابیندرێن.
جگە لە بەنزینی 750 دیناری، بەنزینی لە بەنزینخانەکانی دیکەی هەولێر بەم شێوەیە: نۆرماڵ بە 1125 دینار، موحەسەن بە 1300 دینار و سوپەر بە 1600 دینار.
مەولوود هۆمەر، شۆفێر لە هەولێر دەڵێت، "دڵمان خۆش بوو، گوتمان عێراق و کوردستان رێککەوتن و بەنزین هەرزان دەبێت؛ ئەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان وای نەگوت؟ بەڵام هیچ، کوا ئەمە چییە؟"
شۆفێرێکی دیکە لە هەولێر دەڵێت، "32 ساڵە هەموو رۆژ دەبێت نۆرە بگرم تاوەکو بەنزین وەربگرم، ئەمە کەی وەزعە و کەی چاکی دەکەن؟"
لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی سلێمانی بەنزینی 750 دیناری دەفرۆشرێت، جیاواز لە هەولێر نۆرەی وەرگرتنی بەنزین لە سلێمانی نییە و جار جارە یەک یان دوو ئۆتۆمبێل لەو بەنزینخانانە بەنزین دەکڕن. جگە لە نرخ، کوالێتییش گرفتێکی دیکەی شۆفێرانە.
نرخەکان لە سلێمانی هاوشێوەی نۆرەی بەنزین جیاوازن، جگە لە بەنزینی 750 دیناری، یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 950 دینار، موحەسەن بە 1150 دینار و سوپەر بە 1300 دینار دەفرۆشرێت.
محەممەد شارباژێڕی، شۆفێر لە سلێمانی دەڵێت، "کوالێتییەکەی باش نییە و خەڵک ناچارن ئەم هەرزانە بکڕن. بەهۆی خراپیی کوالێتییەکەی دەبێت لە رێگە بوەستیت هەوای دەرکەیت."
لە ئیدارە سەربەخۆکان هاوشێوەی پارێزگاکان نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە، لە سۆران سەرەڕای ئەوەی هەر لیترێک بەنزین 250 بۆ 300 دینار چووەتە سەری، بەنزین لە شارەکەش کەمە.
شۆفێرێک لە ئیدارەی سۆران دەڵێت، نرخەکان لە سەروو 1200 دینارەوەن، "نازانین چی بکەین، کوالێتییەکەشی خراپە، دوێنێ فیول پەمپم سووتاوە."
شۆفێرێکی دیکە لە ئیدارەی سۆران ئاماژە بەوە دەکات، "یەک شت بە حکومەت دەڵێم، عەیبە کابرایەک ماڵەکەی لە ناوەڕاستی دەریا بێت و ئەوانەی تێیدا دەژین بخنکێن لە تینوا."
هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستی بە حەوت ملیۆین لیتر بەنزینە، بەڵام کەمتر دەگاتە بازاڕەکان و یەکێکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی نرخ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ