دوای چوار رۆژ لە خنکانی تەرمی هاونیشتمانییەک لە زێی بچووکدا دۆزرایەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای چوار رۆژ، تەرمی ئەو هاونیشتمانییەی لە هەولێرەوە چووبووە رانیە و لە زێی بچووکدا خنکا، دۆزرایەوە. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی راپەڕین دەڵێت، ''هیچ شوێنێکی ئیدارەکە بۆ مەلەکردن گونجاو نییە.'' 
 
ئەمڕۆ هەینی، 04-08-2023، تەرمی محەممەد مستەفا، ئەو هاونیشتمانییەی رۆژی سێشەممە بە سەردان لە هەولێرەوە چووبووە سنووری ئیدارەی راپەڕین و لە دەربەندی رانیەدا خنکا، کاژێر 11:00ـی پێش نیوەڕۆ لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە دۆزرایەوە.
 
عەلی قادر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تەرمی محەممەد دوای دۆزینەوەی رادەستی پۆلیس کراوە و لەوێشەوە گوێزراوەتەوە دادپزیشکیی رانیە و دوای تەوابوونی رێکارە یاساییەکان، رادەستی خێزانەکەی دەکرێتەوە.
 
لەبارەی هۆکاری درەنگ دۆزینەوەی تەرمەکە، عەلی قادر گوتی، ''پلەی گەرمیی ئاوی زێی بچووک نزمە و ئاستی ئاوەکەش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد و کەم دەکات؛ هەروەها شوێنی خنکانی محەممەد بە روونی روون نەبوو؛ لێڵی، تیژڕۆیی زێی بچووک و فراوانبوونیشی هەندێک لە گرفتەکانی دیکەی بەردەم دۆزینەوەی تەرمەکە بوون''.
 
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی راپەڕین گوتی، هیچ یەک لە شوێنەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین بۆ مەلەکردن گونجاو نین و لەکاتی مەلەکردندا مەترسی لەسەر هاونیشتمانییان دروست دەبێت.
 
محەممەد مستەفای تەمەن 38 ساڵ، خێزاندار و باوکی چوار منداڵ بوو و رۆژی سێشەممە، 01-08-2023، لەگەڵ برایەک و کوڕەکەی لە هەولێرەوە بەرەو سنووری ئیدارەی راپەڕین رۆیشتن و لەکاتی مەلەکردن لە دەربەندی رانیە لە ئاودا خنکا. 
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان 56 کەس لە رووبار، دەریاچە و چەمەکاندا خنکاون، ئەوە لە کاتێکدایە بە درێژایی ساڵی رابردوو 77 کەس لە رووبار و چەمەکاندا خنکابوون.