رێبەر ئەحمەد: پێویستە حکومەتی فیدراڵ جیددیتر هەوڵی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال بدات


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوا دەکات عێراق بە شێوەیەکی جیددیتر کار بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال بکات و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی پێشاندا، هەموو هاوکارییەک بکات بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 04-08-2022 لە دهۆک بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پارێزگاری دهۆک، چواردەیەم کۆنگرەی بنکەی لالش دەستی بە کارەکانی کرد.
 
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێک لە قسەکانیدا رایگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە ئێزدینشینەکان بەپێی توانای خۆی کەمتەرخەمی نەکردووە و لە هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش رێککەوتننامەی شنگالی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ واژۆ کرد، بەڵام جێگەی داخە تائێستا ئەو رێککەوتنە بێ ئەنجامی کرداری ماوەتەوە".
 
بە گوتەی رێبەر ئەحمەد هەوڵەکانیان بۆ ئاساییکردنەوەی شنگال و بەردەوامە "لە رێگەی پاککردنەوەی دەڤەرەکە لە گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا و گەڕاندنەوەی ئیدارەیەکی شەرعی بۆ قەزا و دەڤەری شنگالی خۆشەویست، وەکو هەنگاوێکی دەستپێک خەڵکی ئاوارەبوو بتوانن بەشێوەیەکی سەربەرزانە بگەڕێنەوە سەر زێدی باب و باپیرانی خۆیان".
 
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد، "جیددیتر بابەتی شنگال و ئاوارەکانی شنگال و رێککەوتنی شنگال وەربگرێت. چونکە ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکات، ئێمەش وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەین بۆ هەر هاوکارییەک پێویست بێت لە هەر رووێکەوە. جەنابی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئامادەن بۆ هاریکاری".