دۆسیەی ئەو ئەفسەرە کوردانەی کە بەهۆی بەشداریکردنیان لە گشتپرسی درابوونە دادگە، داخرا
ئامادەکردن: رێبوار عەلی و نازەنین گۆران
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک رایگەیاند، ئەمڕۆ لە کەرکووک 46 ئەفسەر بەهۆی بەشدارییکردنیان لە گشتپرسیی سەربەخۆی کوردستان دادگاییکران، بەڵام بەبێ ئەوەی سزا بدرێن دۆسیەکەیان داخرا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4-8-2022، محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ 46 ئەفسەر، پۆلیس، مفەوەزی کورد بەهۆی بەشداریکردنیان لە ریفراندۆم بەپێی برگەی 2ی ماددەی 29ی یاسای هێزەکانی ناوخۆی عێراق دادگاییکران، بەڵام بەبێ ئەوەی سزا بدرێن دۆسیەکەیان داخرا."
موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "دۆسیەی دادگاییکردنی ئەو 46 ئەفسەر و پۆلیسە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو دادوەری لێکۆڵینەوە لە سوودی ئەوان بڕیاری کۆتاییدا و بەبێ سزادانی هیچ کامێکیان بەیەکجاری دۆسیەکەی داخست کە ماوەی سێ ساڵە لەسەر ئەو ژمارە ئەفسەر و پۆلیسە کرابووەوە".
هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دادگاییکردنی ئەو ئەفسەرە کوردانە لە فەیسبووکی خۆی نووسیویەتی: "بۆ ئەوەی کێشەی ئەو ئەفسەر و کارمەندانەی بەشداریی ریفراندۆمیان کردبوو بەیەکجاری کۆتایی پێبێت، لیژنەیەکمان رەوانەی کەرکووک کرد و بەیەکجاری دۆسیەکانیان داخراو بێتاوان لە قەڵەم دران".
شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها دەڵێت: "هەر ئەفسەرێک ماوە و کێشەی هەیە، تاوەکو سێ کاژێری دیکە دەتوانێت سەردانی ئەو لیژنەیە بکات".
عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی قەزا و ناحیەکانی کەرکووک کە یەکێک بوو لەو ئەفسەرە کوردانەی بڕیاری گرتن و دادگاییکردنی درابوو بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ بڕیاری لێخۆشبوون بۆ ئەو 46 ئەفسەرە دەرکراوە، بەڵام سێ کەس کە منیش یەکێکم لەوانە بڕیاری لێخۆشبوونمان بۆ دەرنەکراوە."
عەمید سەرحەد قادر دەڵێت، "من سەرەتا نەچوومە دادگە، شانازی بەوەش دەکەم لەسەر بەشداریکردنم لە ریفراندۆم فەرمانی گرتنم بۆ دەرکراوە، فەرمانی گرتنەکەم کردووە بە چوارچێوە و لە ماڵەکەم هەڵمواسیوە." گوتیشی: "ئەگەر دەیانەوێت دادگاییم بکەن، هەمان ئەو دادگەیە لە هەولێریش هەیە، هەر کات لە هەولێر دادگە بانگی کردم بە شانازییەوە ئامادە دەبم."
محەممەد خورشید، بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک پێیوایە دادگاییکردنی ئەو ئەفسەرانە بابەتێکی "سیاسی" بوو و بەهۆی بەشدارکردنیان بوو لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017، ئەگینا هیچ خاڵێکی دیکەیان لەسەر نییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، 14 لەو ئەفسەرە کوردانەی درابوونە دادگە پارتین، 21یان یەکێتی و 11شیان سەربەخۆن یاخود سەر بە لایەنەکانی دیکەن.
بە گوتەی بەرپرسی لقی پارتی لە کەرکووک: "لەبارەی ئەو کەیسە سەرکردایەتیی پارتی، پۆلیسی کەرکووک، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، شاخەوان عەبدوڵڵا، بەردەوام لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی ئەو بابەتە سیاسییە لەسەر ئەو ئەفسەرانە لاببرێت."
دادگاییەکە لەلایەن دادگەی سەربازی موسڵەوە بەڕێوەدەچوو، بەڵام بۆ كارئاسانی و هاتووچۆنەكردنی ئەو ئەفسەرە كوردانە لەسەر داواکاری بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک دادگاییكردنەكە لە مووسڵەوە بۆ كەركووك گواسترابووەوە و هەفتانە دوو رۆژ لیژنەیەك دەهاتە كەركووك بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە.
رۆژی 25-09-2017 گشتپرسیی بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو، لەو گشتپرسییەدا دانیشتووانی پارێزگای کەرکووک و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکانیش بەشداریان کرد و زیاتر لە 90٪ی بەشداربووان بە "بەڵێ" دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا.