بێئاوی هەڕەشەی چۆڵبوون لە بەشێک لە گوندەکانی سنووری خەلیفان دەکات

04-08-2022
بەختیار قادر
بەختیار قادر
گوندنشینێک لە بیرێک ئاو دەبات. وێنە: رووداو
گوندنشینێک لە بیرێک ئاو دەبات. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - خەلیفان

کانیاوێکی گوندی سارتکە نەک لە تەمەنی بەشێک لە دانیشتووانەکەی، بەڵکو لە باوک و باپیرانی بەشێک لە دانیشتووانەکەشیەوە خەڵک گوێبیست نەبوون بەشی ئەوە ئاوی تێدا نەمێنێت لەبەری نەڕوات. کانیاوەکە تاوەکو ئەم چەند رۆژە درێخیی نەکردووە لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی ماڵان و تەنانەت لە ئاودێریشدا.
 
شەمسەددین سابیر، گوندنشین دەڵێت، "ئەوە کانی سارتکە، گوند بەناوی ئەو کانیاوەیە، بە بیری کەس نییە ئاوی بەو شێوەیە کەم بووبێت، خەریکە وشک دەبێت و ئاوی خواردنەوەی گوند دابین ناکات، لە کاتێکدا کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەسەر ئاوەکە بوو."
 
گوندی سارتکە لە دۆڵی ئاڵانەی خەلیفانە. پێش میرنشینی سۆران گوند هەبووە، کانیاوی سارتکە و ژمارەیەک کانیاوی دیکەی گوند رووبەرێکی زۆری زەویی کشتوکاڵی و رەز و باخیان بەراورد دەکرد. زەوییەکان بە بەیاری ماونەتەوە، دەیان داری بەری وشک بوون، بەرهەمی ساڵ تینووە و بە دارەوە سیس هەڵگەڕاون.
 
تەحسین حەسەن، جووتیار دەڵێت، "وازمان لە زەوییەکان هێناوە و دەمانویست تەنیا باخمان وشک نەبێت، کەچی ئەویشمان لەدەستچوو، ئەمساڵ هەرچی ماڵی گوندە هەنارێکی بۆ فرۆشتن نییە."
 
دۆخی ئاژەڵدارانی دەڤەرەکەش باش نییە و وەکو ساڵان نییە کە ئاژەڵەکانیان لە سەرچاوەی کانیاوەکە ئاو بخۆنەوە. رەشید حەمەدەمین، ئاژەڵدار دەڵێت، "بەو شێوەیەی بینیتان، کوا ئاوا ئاژەڵداری دەکرێت، ناچارین بیانفرۆشین. وەختێک ئاوم نەبێت بیخۆمەوە، چۆن ئاژەڵەکانمان تێر ئاو بکەین."
 
لە ساڵی 2012 حکومەت بیری ئاوی بۆ گوندەکان لێداوە، بەڵام هێڵکاریی بۆری بۆ نەکراوە. موحسین حەسەن، گوندنشین دەڵێت، "ئەگەر تەقسیمی بیرەکەمان بۆ نەکرێت، ناچارین چۆڵی بکەین. ئاوا چۆن دەتوانین بمێنینەوە کە تۆ قومێک ئاوی خواردنەوەت بە زەحمەت بۆ تەرتیب بێت."
 
تاوەکو ئاوی بیرەکان دەگەیێننە نێو گوندەکان لەمەودوا بە تانکەر ئاو بۆ گوندنشینان دابین دەکرێت.
 
مەغدید ئەحمەد، قایمقامی قەزای سۆران رایگەیاند، "بۆئەوەی گوندەکان لە چۆڵبوون بپارێزین، نیازمانە لەڕێگەی تانکەرەوە سەرەتا ئاویان بۆ دابین بکەین و لەم چەند رۆژەشدا دەستدەکرێت بە تەئسیسکردنی سێ بیری ئاوی ناوچەکە."
 
لەگەڵ هەر رۆژێکی نوێدا گوندنشینان لە چۆڕاوگەکان ئاوی خواردنەوەیان پەیدا دەکەن، ئاژەڵەکانیش لە پاشماوەی ئاوی بەکارهاتووی ماڵان تینوێتییان دەشکێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە