لە سنووری سەرگەڕان سوپای عێراق 8 بیری ئاوی جووتیارانی کورد لەکار دەخات

04-08-2022
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
A+ A-

رووداو - کەرکووک

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە هێزێکی فیرقەی هەشتی سوپای عێراق دەچنە سەر زەویوزاری جووتیارانی کورد لە گوندەکانی پەلکانە و گابەرەکە لە سنووری سەرگەڕان، تەواوی ئەو بیری ئاوانەی ئیشی پێکراوە لە کاریان خستووە و وایەری کارەباکەیان پچڕاندووە.
 
بەدرەدین شەمسەدین، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کاتی چوونی هێزە سەربازییەکە، عەلی حەواسیان لەگەڵ بووە، کە سەرۆک هۆزێکی هاوردەکانە و ماوەی چەند ساڵێکە بۆ داگیرکردنی زەویوزارەکانیان گەڕاوەتەوە سنوورەکە، بەڵام هیچی دەستنەکەوتووە.
 
ئەو ئەندامەی پێشووی ئەنجوومەنی سەرگەڕان باسی لەوەش کرد، هێزەکە بەبێ ئەوەی لەگەڵ جووتیاران قسە بکەن، ئەو کارەیان کردووە و هەر بەو جۆرە بیری ئاوەکەیان جێهێشتووە.
 
هاوکات محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیاران لە سنووری سەرگەڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، جگە لە گابەرەکە، لە سنووری پەلکانە و گوندەکانی دیکەش چوونەتە سەر بیری ئاو و، جووتیاران هۆشدارییان پێداون کە نابێ هیچ کارێک لەسەر زەویوزارەکانیان بکەن.
 
محەممەد ئەمین گوتیشی، ماوەیەک لەمەوبەر پشتئەستوور بە نووسراوی ماددەی 140 دوای ئەوەی سەلمێندرا کە عەلی حەواس و هاوردەکانی دیکە قەرەبووی ماددەی 140 یان وەرگرتووە و لە سەردەمی بەعس هاوردەکراون، بە نووسراوی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک گرێبەستی هاوردەکان لەسەر زەویوزارەکانیان هەڵوەشایەوە، بۆیە لەوکاتە بەدواوە عەلی حەواس و هاوردەکان بەهۆی پەیوەندی و نزیکایەتییان لەگەڵ ئەفسەرەکانی سوپا، هێز ئەمنییەکان بەکاردەهێنن بۆ بێزارکردنی جووتیارانی کورد و رێگریکردن لێیان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە