خاوەن موەلیدەیەکی ئەهلی لە دهۆک: حکومەت نرخی ئەمپێری موەلیدە دیاریدەکات


رووداو - هەولێر

گرانبوونی نرخی ئەمپێری موەلیدە ئەهلییەکان لە دهۆک بەشێک لە هاونیشتمانییانی نیگەرانکردووە، خاوەن موەلیدەکان  هۆکارەکەی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی گاز و کەمیی کارەبای نیشتمانی دەگەڕێننەوە، ئەندامی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆکیش دەڵێت، ئەو 19 هەزار و 250 دینارە پارەی 11 کاژێر نییە، بەڵکو پارەی هەشت کاژێر و 22 خولەکە، "ئەگەر پارەی 11 کاژێرمان وەرگرتبا، دەبوایە 25 هەزارمان وەرگرتبایە".
 
عەبدولخالق محەممەد، ئەندامی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک میوانی بەرنامەی بەرپرسیار بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و دەڵێت، لە مانگی تەممووز هەشت کاژێر و 22 خولەک کارەبایان داوەتە هاونیشتمانییان و نرخی ئەمپێرێکی موەلیدە بووەتە 19 هەزار و 250 دینار. دەشڵێت، ئەوەی باس دەکرێت کە خاوەن موەلیدەکان 11 کاژێر کارەبایان داوەتە، هەڵەیە، مانگانە لیژنەیەک لە قایمقامیەتی دهۆک پێکهێندراوە بۆ دیاریکردنی نرخی ئەمپێری کارەبا.
 
ئەندامی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک باس لەوەش دەکات کە بۆ مانگی حەوت لیترێک گاز بە هەزار و 103 دینار بوو، بەڵام لیترێک گاز لە مانگی شەش بە 950 دینار بوو، هۆکاری گرانبوونی نرخی موەلیدە بەهۆی گرانبوونی لیتری گازە، هەر کاژێرێک کارەبا لەسەر خاوەن موەلیدە نزیکەی 47.8 دینارە، "ئەم مانگە 266 کاژێر کارەبامان بە تێکڕا داوەتە هاونیشتمانییان."
 
شێروان شوکری، ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆکە و خاوەنی موەلیدەشە، ئەو باس لەوە دەکات، لە مانگی شەش 323 کاژێر کارەبایان داوەتە هاونیشتمانییان و "بۆ نرخی هەر ئەمپێرێکی کارەبای موەلیدە 20 هەزار و 250 دینار وەرگیراوە."
 
ئەو خاوەن موەلیدەیە ئاماژە بەوەش دەکات کە لە مانگی حەوت گاز گرانبووە، دانانی نرخی ئەمپێری کارەبا خاوەن موەلیدەکان داینانێن، بەڵکو لیژنەیەک لە قایمقامیەتی دهۆک پێکهێندراوە و ئەندامی هەموو فەرمانگەکانی تێدایە "ئەوان نرخەکان دیاری دەکەن و کەس ناتوانێت دەستکاری بکات." ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئێمە حەز دەکەین نرخی ئەمپێری موەلیدە هەرزان بێت، ئەو پارەیەی خاوەن موەلیدە وەریدەگرێت، بەشێکی زۆری بۆ تێکچوون و چاککردنەوەی موەلیدە و کڕینی گازە بە نرخێکی گران."
 
ئەو ئەندامەی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک پێیواییە، دوای راگەیاندنی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە، کێشە بۆ خاوەن موەلیدەکان دروستبووە، "چونکە پارێزگاری دهۆک گوتی کەس پارەی 11 کاژێر کارەبا نەدات، ئەو 19 هەزار و250 دینارە پارەی 11 کاژێر نییە، بەڵکو پارەی هەشت کاژێر و 22 خولەکە، ئەگەر ئێمە پارەی 11 کاژێرمان وەرگرتبا، دەبوایە 25 هەزارمان وەرگرتبایە، دینارێکمان بە زیادە وەرنەگرتووە، خەڵک دەڵێن خاوەن موەلیدە پارەی زیادە وەردەگرن، بەڵام ئەوە راست نییە، هیچ کێشەیەکەمان لەگەڵ خەڵک نییە، مانگانە حکومەت نرخی ئەمپێری کارەبا دیاری دەکات، داواکارم لە حکومەت نرخی گازمان بۆ هەرزان بکات، پێمخۆشە نرخی ئەمپێری موەلیدە ببێتە پینج هەزار دینار."
 
 
بەشیر مزووری، نوێنەری پارێزگاری دهۆک لە لیژنەی دانانی نرخی موەلیدە بە تەلەفۆن بەشداری لە بەرنامەی بەرپرسیار کرد و گوتی، هەندێک هەواڵی ناڕاست بڵاوکراوەتەوە کە هیچ بنەمایەکی راستیی نییە و لایەنەکانی پەیوەندیدار لە دهۆک ئاگادار نین، سەبارەت بە کارکردنی موەلیدە لە دهۆک کە گوتراوە 11 کاژێر کاریان کردووە، "تاوەکو ئێستا نازاندرێت سەرچاوەی ئەو هەواڵە لە کوێوە هاتووە، چونکە هیچ سەرچاوەکی فەرمی ئەوەی رانەگەیاندووە."
 
بەشیر مزووری دەشڵێت، دیاریکردنی نرخی ئەمپێری موەلیدە بە چەند قۆناخێک تێدەپەڕێت، وەکو لیژنەی پرسینی نرخی گاز لە بازاڕ کە پێکدێت لە نوێنەرانی ئاسایش، سامانە سرووشتییەکان و کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک، لەگەڵ هێنانی خشتەی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە کۆنترۆڵی کارەبای دهۆک، لەگەڵ ژماردنی هەژماری موەلیدە لە کۆتایی مانگ بۆ ئەوەی بزانن مانگانە چەند کاژێر کارەبایان داوە، "هەموو ئەوانە لە لیژنەیەک کۆدەکرێتەوە کە لە 9 نوێنەری فەرمانگەکانی دهۆک پێکهاتوون، ئەو پارەیەی لە مانگی حەوت دەستنیشانکراوە کە 19 هەزار و 250 دینارە بۆ هەشت کاژێر و 22 خولەک دیاریکراوە، پارێزگاری دهۆکیش ئاگاداری راگەیاندنی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدەی مانگی حەوت بووە."
 
نوێنەری پارێزگاری دهۆک لە لیژنەی دانانی نرخی موەلیدە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات ئەو پارەیەی دیاریکراوە بۆ ئەم مانگە بدەن بە خاوەن موەلیدەکان، چونکە ئەگەر خاوەن موەلیدەکان 11 کاژێر کارەبایان بە هاونیشتمانییان دابوایە، پێویست بوو 24 هەزار و 950 دیناریان لێوەربگیرێت.