رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان رایدەگەیێنێت، ئەمساڵ وشکەساڵی وای کرد کە گەرادانان و شەڵخە (پوورە)ی هەنگ بەرەو کەمی بڕوات، سەرەڕای ئەوەیش بەرهەمی هەنگوین 60٪ لە پار زیاترە.
ئەحمەد پشدەری، سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەمساڵ وشکەساڵی وای کرد کە گەرادانان و شەڵخەی هەنگ بەرەو کەمی بڕوات، بەڵام بەرهەمی هەنگوینمان زۆر باشمان هەبوو و لە چاو ساڵانی پێشوو هەنگوینمان زۆر زیادی کرد. ئەوەیش بەهۆی ئەوەوە بوو کە ئەمساڵ زووتر گەرما هات و بووە مایەی ئەوەی شیلەی گوڵان زیاد ببێت. بۆیە ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین لە هەرێمی کوردستاندا زۆر باشە."
سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، بەرهەمی ئەمساڵ 60٪ لە پار زیاترە. پار زیاتر لە 300 تۆن هەنگوین لە هەرێمی کوردستاندا بەرهەم هێنراوە. هەنگوینی زۆر باش کە 100٪ سرووشتی بێت کیلۆیەکی لەنێوان 70 بۆ 80 هەزار دیناردایە. وشکەساڵی سوودی نەبووە، چونکە ئەمساڵ هەنگەوانەکان شەڵخەی کەمیان دەرکردووە. ئەگەر وانەبووایە بۆی هەبوو هەنگەکانی ببوونایەتە دوو-سێ ئەوەندە.
بەشێکی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان هەنگەکانیان لە ناوچە کوێستانییەکانی سەر سنووری ئێران و تورکیا بەخێو دەکەن. بەشێک لەو ناوچانەیش شەڕیان و بۆردوومانیان تێدایە بە تایبەتی لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و تورکیا کە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر هەنگەوانان و هەنگەکانیان هەبووە.
ئەحمەد پشدەری گوتی: "شەڕی تورکیا و پەکەکە کاریگەریی خراپی لەسەر هەنگەوانان هەبوو، چونکە ئەو هەنگەوانانەی هەنگەکانیان بردوونەتە کوێستانەکانی سنووری پەکەکە. بەهۆی شەڕیشەوە ژینگەی ناوچەکە پیس بووە و بارووت و ماددە ژەهراوییەکانی دوای شەڕ بوونەتە هۆی لەناوچوونی هەنگێکی زۆر."
سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان باسی لەوە کرد، ئەمساڵ بەرهەمی هەولێر و دەشتی هەولێر باشە، بەڵام بەرهەمی کوێستانەکان لە دوو رووەوە باشترە: بەرهەمەکەی زیادە و کوالێتییەکەی باشترە.
هەنگوینی پوختەی هەرێمی کوردستان لەناوخۆ داخوازییەکی بەرچاوی هاونیشتمانیانی لەسەرە و هەندێک هەنگەوانیش هەنگوینیان دەنێرنە دەرەوە.
ئەحمەد پشدەری گوتی: "خواست لەسەر هەنگوینی ناوخۆ زۆرە، بەڵام لەبەر ئەوەی رێژەیەکی زۆر هەنگوین لە ئێران، تورکیا، سووریا و سعودیەوە دێت، خەڵک بڕوای نەماوە کە کامە خۆماڵییەکەیە و کامە هاوردەکەیە. هاوکات ئەو کەسانەیشی لە هەرێمی کوردستاندا بە هەنگوینی خۆماڵی بەناوبانگن و ناسراون، کڕیاری تایبەتی خۆیان هەیە بە تایبەتی لە دەروەی وڵاتیش وەک ئەڵمانیا و بەریتانیا. من خۆم زۆر لە کۆنسوڵخانەکان بۆ کڕینی هەنگوین سەردانم دەکەن و دەیبەنەوە دەرەوە."
بە گوتەی ئەحمەد پشدەری، ئەو کەسەی هەنگوین دەکڕێت دەبێت تاقیی بکاتەوە و، هەنگوینی کوردستان تام و بۆنێکی خۆش و تایبەتی هەیە.
سەرۆکی رێکخراوی هەنگەوانانی کوردستان باسی لەوە کرد کە رەخنەیان لە وەزارەتی کشتوکاڵ هەیە کە ناتوانن رێگە لە هاوردەکردنی هەنگوینی دەرەکی بگرن. ئەگەر ئەوە بکەن، بەرهەمی ناوخۆ زیاتریش دەبێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ باشتر و خۆشتریشە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ