پژاک: دوو گەریلامان لە بۆکان گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ناسنامەی دوو گەریلای ئەم حیزبەی ئاشکرا کرد کە هەفتەیەک لەمەوبەر لە تێکهەڵچوونێک لە نزیک لە بۆکان لەگەڵ سوپای پاسداران گیانیان لەدەستدا.
بەپێی ئەو هەواڵە، لەو تێکهەڵچوونەدا کە رۆژی 27-7-2021 لە نزیک بۆکان لە پارێزگای ورمێ روویداوە، ئێدریس فێقهی، ناسراو بە ئاریۆ زاڵ و موحسین قادری، ناسراو بە شاهین ئاگری، کەوتوونەتە کەمینی هێزەکانی سوپای پاسداران و دوای ماوەیەک شەڕکردن، گیانیان لەدەستداوە.
ئێدریس فێقهی، ساڵی 1983 لە بۆکان لەدایکبووە و ساڵی 2012 چووەتە ریزی گەریلاکانی پژاکەوە. موحسین قادریش ساڵی 1985 لە شاری سنە لەدایکبووە و ساڵی 2017 بووەتە گەریلا.
سوپای پاسداران رۆژی 27-7-2021 رایگەیاند، لە تێکهەڵچوونێکدا دوو چەکداریان کوشتووە، چەکدارێکیان بە برینداری گرتووە و هاوکات سێ کەسیش، کە ویستوویانە هاوکاری ئەو تیمە بکەن دەستبەسەر کراون.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە دوای ئەو تێکهەڵچوونەوە، کە لە هێزە ئەمنییەکان لە شاری بۆکان شەش کەسیان دەستبەسەر کردووە.
تێکهەڵچوونەکە سەرەتای هەفتەی رابردوو لە نزیک گوندی عیلمابادی سەر بە شاری بۆکان روویداوە و نزیکەی کاژێرێک بەردەوام بووە.
لە چەند مانگی رابردوودا کۆمەڵێک تێکهەڵچوون لەنێوان هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و سوپای پاسداران روویداوە، کە کوژراو و برینداریشیان هەبووە.
یەکینەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) کە باڵی سەربازیی کۆدارە، رۆژی 18-6-2021 رایگەیاند، گەریلایەکی کچیان بەناوی "هیزڵ ئاجوول" لە تێکهەڵچوونێک لە رۆژی 9-6-2021 لە ناوچەی بانە گیانی لەدەستداوە.
پژاک رۆژی 28-3-2021 رایگەیاند، دوو گەریلایان بە ناوەکانی ئاکۆ فەتحی، خەڵکی کامێران و مەهدی رەزایی، خەڵکی کرماشان لە شاری پێنجوێن تیرۆر کراون.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانیش ئەمساڵ گیانلەدەستدانی چوار پێشمەرگەی راگەیاندووە، کە لە دوو تێکهەڵچوونی جیاواز لە ناوچەکانی مەهاباد و پیرانشار کەوتبوونە بۆسەی هێزەکانی ئێرانەوە.
رۆژی 16-4-2021 ئەندامێکی سوپای پاسدارانیش لە ناوچەی پیرانشار لە پارێزگای ورمێ کوژرا. دواتر گرووپێک بەناوی هەڵۆکانی زاگرۆس، کە گرووپێکی نزیک لە حدکایە، بەرپرسایەتی هێرشەکەی لە ئەستۆگرت.
هەروەها لە تێکهەڵچوونێکدا لە رۆژی 21ی نیسانی 2021 لە ناوچەی مەریوان لە پارێزگای سنە دوو چەکداری سوپای پاسداران کوژران.
دوو هەفتە پێش لەو تێکهەڵچوونەش ئەندامێکی هێزەکانی پاراستنی سنووری ئێران لە ناوچەی مەریوان لە شەڕ لەگەڵ هێزێکی دژبەری ئێران کوژرا.