عه‌بدولواحید گوانی؛ بەرپرسێکی ژینگەپارێز و دۆستێکی دڵسۆز بۆ سرووشت


رووداو- سۆران
 
عه‌بدولواحید گوانی به‌ درێژایی 15 ساڵ رێنوێنی خه‌ڵكی کرد‌ بۆ پاراستنی ژینگه‌ و سروشت ، دواجار هه‌ڵگۆرد - سه‌كرانی خسته‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی پاركه‌ نیشتمانییه‌كان و ئێستا له‌ ریزبه‌ندی نۆزده‌هه‌مین ناشناڵ پاركه‌كانی جیهانه‌. ئه‌و كه‌سانه‌ی رۆژێك گوانیان بینیبێت شایه‌دی كارو كرده‌وه‌كانی بۆ ده‌ده‌ن.


عه‌بدوڵڵا حه‌مه‌د، هاونیشتمانی بە رووداوی راگەیاند: "كه‌سێكی تا بڵێیت به‌ خه‌م بوو بۆ ژینگه ‌و سرووشت، هه‌میشه‌ ئێمه‌ی رێنوێنی ده‌كرد  چۆن ژینگه‌ بپارێزین و سرووشتمان خۆشبووێت".
 
له‌ هه‌ر شوێن و كاتێك ئاژه‌ڵێكی کێوی‌ پێویستی به‌ كۆمه‌كی ده‌ستی مرۆڤه‌كان بووبێت گوانی خۆی لێ به‌ خاوه‌ن دەزانی‌ و به‌ تیمێك به‌هانایه‌وه‌ ده‌چوو، گوانی له‌ چۆمان پۆلیسی ژینگه‌یی ته‌یاركردبوون رێگری له‌ راوكردنی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ كێوییه‌كان بکەن.

سه‌كران‌، ئه‌و گونده‌ی ناشناڵ پاركی به‌ ناوه‌وه‌ كراوه‌، گوانی نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانی بردە گونده‌كه‌. ده‌یه‌ویست له‌ رێگه‌ی ئه‌وانیشه‌وه هاوكاری پرۆژه‌ و بیرۆكه‌كانی بكرێت.
 
وێڕای كاره‌ ژینگه‌یی و خۆبه‌خشیه‌كان گوانی ماوه‌ی 14 ساڵ قائیمقامی چۆمان بوو، به‌ نوێنه‌رایه‌تی حكومه‌ت بۆ چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئێران كۆبووەته‌وه‌ و رۆڵی گرنگی بینیوه‌ بۆ به‌ نێوده‌وڵه‌تیكردنی ده‌روازه‌ی حاجی ئۆمه‌ران، له‌ سه‌ر ده‌ستی ئه‌ودا چۆمانیش به‌ بێ بوونی مافی خاوه‌نداریه‌تی زه‌وی و زار پیشینه‌ی خانووبه‌ره‌ به‌ هاونیشتمانیان درا. 

كۆمه‌ڵه‌ی سۆرانی بۆ چاودێری په‌ككه‌وتووان له‌ سۆران دامه‌زراند، له‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌دا زیاتر له‌ سێ هه‌زار كه‌مئه‌ندام چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی و مووچه‌ی مانگانه‌ وه‌رده‌گرن. منداڵانی بیركۆڵ و ناته‌واوی تێدا په‌روه‌رده‌ ده‌كرێن.

ئامانج عیزه‌ت، ئەندامی ده‌سته‌ی كارگێڕیی كۆمه‌ڵه‌ی سۆران بۆ چاودێری په‌ككه‌وتووان بە رووداوی راگەیاند: "ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ی به‌ سه‌د ده‌رده‌سه‌ری دامه‌زراند و ئێستاش ده‌بینی كه‌ رۆژانه‌ به‌ ده‌یان كه‌م ئه‌ندامی تێدا په‌روه‌رده‌ ده‌كرێت و چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی و هاوكاری و مووچه‌ی مانگانه‌ی بۆ بڕاوه‌ته‌وه‌، خه‌ڵك تێیدا فێری زمان و كۆمپیوته‌ر و خوێنده‌واری ده‌كرێن".
 
هاوژینی گوانی به‌ دیار یادگارییه‌كانیه‌وه‌، یادگارییەك كه‌ پڕیه‌تی له‌ نه‌هامه‌تی و زیندان و كاری سیاسی نهێنی دژ به‌ حكومه‌تی به‌عس، تا به‌ره ‌و رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ فرمێسكی چاوه‌كانی قه‌تیستر ده‌بن. گوانی خاوه‌ن هه‌شت منداڵه‌ ژێكاف بچووكتریان و ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵه‌.

زه‌ینه‌ب عوسمان، هاوژینی عه‌بدولواحید گوانی بە رووداوی راگەیاند: "ته‌مه‌نی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ زۆر كورت بوو، تێر نه‌مان بینی، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاتانه‌ی ده‌هاته‌وه‌ ماڵ هه‌ر خه‌ریكی كار بوو، به‌ ته‌له‌فۆن و فكر هه‌ر كار و كار ، زۆر جار پێمان ده‌وت ده‌با چه‌ند رۆژێك پێكه‌وه‌ بین و نانێك بخۆین به‌ڵام ئه‌و كار و پیشه‌كانی پێ له‌ پێش هه‌موو شتی دیکە بوو".
 
گوانی جگه‌ له‌ زمانی دایك به‌ سێ زمانی دیكه‌ی ئینگلیزی، عه‌ره‌بی و فارسی قسه‌ی ده‌كرد، ساڵانه‌ له‌ كۆنفرانسی گۆڕانی كه‌شوهه‌وای گۆی زه‌وی بانگهێشتی ئه‌وروپا ده‌كرا، هاوكاریی و پاڵپشتی ده‌ره‌كی بۆ پرۆژه‌ جۆراوجۆره‌كان ده‌هێنایه‌وه‌ باشووری كوردستان، نێچیرڤانی كوڕی تا دواساته‌كان و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌گه‌ڵی بوو.

نێچیرڤان عه‌بدولواحید، كوڕه‌ گه‌وره‌ی عەبدولواحید گوانی بە رووداوی راگەیاند: "من كه‌ تا دوا ساته‌كان له‌گه‌ڵی بووم ته‌نانه‌ت له‌ وه‌ختی نه‌خۆشكه‌وتنی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش سه‌ره‌ڕای ناجێگیری باری ته‌ندروستی به‌ڵام ئه‌و خه‌ریكی رێكخستنی كۆبوونه‌وه‌ بوو له‌گه‌ڵ رێكخراو و وه‌زاره‌ته‌كانی ئه‌وروپا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاریی بۆ باشووری كوردستان".

گوانی كه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی بردرابووه‌ وڵاتی نه‌مسا، له‌ 25-6-2017 له‌ ته‌مه‌نی 53 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یه‌ندرایه‌وه‌ نیشتمان و به‌ ئاماده‌بوونی هه‌زاران كه‌س له‌ گوندی گوان ئه‌سپارده‌ی خاككرا.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان