وەرگرتنی لیستی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستیپێکرد

04-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەرگرتنی لیستی بەربژێران بۆ ئەو پارت و هاوپەیمانێتی و بەربژێرە تاکەکەسییانەی پێشتر پێشکێشیان نەکردبوو، ئەمرۆ دەستپێدەکات و تاوەکو نێوەڕاستی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. بەرپرسێکی کۆمیسیۆنیش دەڵێت، نزیکەی 80٪ـی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردن تەواوبوون.
 
رۆژی پێنجشەممە 4ـی تەممووزی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەست بە وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێرانی ئەو هاوپەیمانێتی و پارت و بەربژێرە تاکەکەسییانە دەکات کە لە ماوەکانی رابردوودا لیستەکانیان پێشکێش نەکردبوو، وەرگرتن تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمیی رۆژی دووشەممە، 15ـی ئەم مانگە دەبێت.
 
د.عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەو وادەیەی دیاریکراوە، ئەو پارت و هاوپەیمانێتی و بەربژێرە تاکەکەسییانەشی پێشتر لیستی ناوی بەربژێرانیان پێشکێشکردبوو دەتوانن بگۆڕن، بە لابردن و زیادکردنی ژمارەکان و جێگۆڕکێ پێکردنیان و یاسا رێگەی پێداوە."
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن تاوەکو ئێستا نزیکەی 80٪ـی ئامادەکارییەکانیان تەواو کردووە.
 
د.عیماد جەمیل هەنگاوەکانی داهاتووی کۆمیسیۆنیش لەدوای وەرگرتنی لیستی ناوی بەربژێران ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "سێ هەنگاوی گرنگ ماون، ئەوانیش، تیروپشک بۆ ژمارەی ئەو هێز و لایەن و بەرژێرە تاکەکەسییانەی لیستی ناوەکانیان پێشکێشدەکەن، دواتر چاپکردنی کاخەزی دەنگدان، کە بۆ هەر پارێزگایەک جیاواز دەبێت، جگە لەوەی بۆ دەنگدانی گشتی و تایبەت جیاوازە، هەنگاوی سێیەمیش مەشق و راهێنانی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن دەبێت."
 
بە گوتەی بەرپرسەکەی کۆمیسیۆن ئێستا نوێنەرانی پارت و لایەنە سیاسییەکان، راگەیاندنەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ چاودێری و رووماڵکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەتوانن ناوی خۆیان لە ئۆفیسەکانی کۆمیسیۆن تۆمار بکەن.
 
رۆژی چوارشەممە، 26-06-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە