لە بەشێکی نەخۆشخانەکانی گەرمیان، خانەقین و ئیدارەی راپەڕین دەرزیی دژەگزاز نەماوە

04-07-2024
هونەر حەمید
نێو نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار
نێو نەخۆشخانەی شەهید هەژار لە کەلار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

لە بەشێکی نەخۆشخانەکانی گەرمیان، خانەقین و ئیدارەی راپەڕین دەرزیی دژەگزاز نەماوە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی کەلار دەڵێت: 60 دەرزیی دژەگزازمان هەبوو لە 10 رۆژدا بەکارهێنراون.
 
ئەرسەلان ئەحمەد لە ترسی دەستنەکەوتنی دەرزی دژەگزاز، نێو ماڵەکەی بە دەرمانی لە نێوبردنی مار و دووپشک دەڕشێنێت. ئەو کە پێشتر کچەکەی پێویستی بەو دەرزییە بووە، لە نەخۆشخانەی حکومی دەستی نەکەوت و لە تایبەت بۆی پەیدا کرد.
 
ئەرسەلان ئەحمەد، هاونیشتمانی دەڵێت: ''هەمیشە لە هاویناندا مار و دووپشک زۆردەبێت، بۆیە ناچارین رشاندن بکەین، پار دووپشک پێوەی دام و دەرزیمان دەستکەوت، بەڵام ئەمساڵ کچەکەم بە چەقۆ دەستی بڕی و لە نەخۆشخانە گوتیان دەرزیی دژەگزاز دەستناکەوێت''.
 
دەرزیی دژەگزاز بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە بە ئاسنی ژەنگاوی بریندار دەبن. رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار دەڵێت: 60 دەرزیی دژەگزازمان بۆ هێندراوە، بەڵام لە 10 رۆژدا بەکارمان هێناون و ئێستا نیمانە''.
 
هاوکات تەها محەممەد، گوتەبێژی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت: ''جاری وا هەیە کە مانگانە دابیندەکرێت و هەندێک جاریش چەند مانگێک نییە، لە بەغداوە دەرزییەکە دێت و بەراورد بە ژمارەی بنکە تەندروستییەکان و ژمارەی هاونیشتمانییان دەرزییەکە کەمە''.
 
ئەو جۆرە دەرزییە لە نەخۆشخانەی خانەقینش نەماوە کە راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دیالەوە دەرمانی بۆ دابیندەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە