رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە لەسەر وەبەرهێنانى کەرکووک پێکدەهێنێت. ئەندامێکى لیژنەکە دەڵێت: "سەردانى کەرکووک دەکەین و لە گرێبەستەکانى وەبەرهێنان دەکۆڵینەوە".
بە گوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو ئەو لیژنەیە بە فەرمانى موحسین مەندەلاوى، سەرۆکى کاتیى پەرلەمان پێکهاتووە، ئەندامەکانى لە لیژنەى وەبەرهێنان و گەشەپێدانن و لەلایەن سۆزان مەنسوور، جێگرى سەرۆکى لیژنەکەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.
سائیب حیچامى، ئەندامى لیژنەکە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو لیژنەکە لە چوار ئەندام پێکدێت و وردبینی لەو گرێبەستانەى وەبەرهێنان دەکەن، کە لەو شارەدا دراونەتە کۆمپانیاکان".
پێکهێنانى ئەو لیژنەیە لە دواى ئەوە بووە کە راکان جبووری، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت لە 6ى حوزەیراندا نووسراوێکى ئاراستەى سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنانى کەرکووک کرد و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە واژۆى 9 ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا کۆکراوەتەوە و داوا دەکات کارى دەستەکە رابگیرێت و دەنگ بە هیچ پڕۆژەیەک نەدرێت، تاوەکو کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەکرێت و دەنگ لەسەر سەرۆک و ئەندامانى نوێى دەستەکە دەدرێت.
سائیب حیچامى گوتی: "پێشتر لیژنەیەکى دیکەمان سەردانى کەرکووکى کردووە لەسەر ئەو پرسە، پێکهێنانى ئەم لیژنەیە بۆ وردبینى زیاترە."
ئەو هەنگاوەى پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت ناکۆکى لەگەڵ فراکسیۆنى یەکێتى لە ئەنجوومەنى پارێزگا دروستکردووە، بە هۆى ئەوەى سەرۆکى دەستەکە لە پشکى یەکێتییە.
پێشتر لە 13ى حوزەیران، پەروین فاتیح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لە پشکى یەکێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو واژۆ کۆکردنەوەیە و نووسراوەکە نایاساییە، چونکە ئەنجوومەن کۆبوونەوەى نەکردووە. هەر کات کۆبوونەوەى کرد، ئیدی ئەو پۆستانە بە گوێرەى پشکى لایەنەکان دابەشدەکرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ