راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق: پێگەی سەرۆک بارزانی کاریگەریی لەسەر چارەکردنی کێشەکان دەبێت

رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق بە رووداوی راگەیاند، "پێگە و سەنگینیی جەنابی سەرۆک بارزانی کاریگەری دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان."
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی تەممووزی 2024، محەممەد ئەمین فارس، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا و دیدار و گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ رۆژنامەڤانان دوا، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لەوێ ئامادە بوو.
لەبارەی کۆبوونەوەکانی سەرۆک بارزانی، راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، بەدڵنیاییەوەکێشەکان باس دەکرێن و هەوڵی چارەسەرکردنیان دەکرێت و چارەسەریش دەبن. لە کۆبوونەوەی یەکەم کە دوێنێ لە ماڵی سەماحەتی سەید حەکیم کرا، کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو و ئەنجامێکی باشی لێکەوتەوە.
محەممەد ئەمین فارس وەڵامی پرسیاری هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی لە بەغدا دایەوە و گوتی: "بێگومان پێگە و سەنگینی جەنابی سەرۆک و ئامادەیی لە بەغدا کاریگەری دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان و کێشەکانیش بەگشتیی بەرەو چارەسەر دەچن."
باسی لەوەشکرد، بێگومان نیاز هەیە کێشەکان چارە بکرێن. ئەو کێشانەی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کێشە ناوخۆییەکانی عێراق بەشێوەیەکی گشتیی خراونەتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. هەروەها کێشەی یاسای نەوت و گاز و کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان و هەموو کێشەکانی دیکەش چارەسەر دەکرێن.
دەقی قسەکانی محەممەد ئەمین راوێژکاری سەرۆککۆماری عێراق بۆ رۆژنامەڤانان و رووداو:
بەدڵنیاییەوە، کێشەکان باس دەکرێن و هەوڵی چارەسەرکردنی دەکرێت و چارەسەریش دەبن. لە کۆبوونەوەی یەکەم کە دوێنێ لە ماڵی سەماحەتی سەید حەکیم بەسترا کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو ئەنجامێکی باشی لێکەوتەوە.
بێگومان پێگە و سەنگینی جەنابی سەرۆک و ئامادەیی لە بەغدا کاریگەری دەبێت لەسەر چارەکردنی کێشەکان و کێشەکانیش بەگشتیی بەرەو چارەسەر بوون دەچێت.
بێگومان نیاز هەیە کێشەکان چارە بکرێن. ئەو کێشانەی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و ناوخۆی عێراق بەشێوەیەکی گشتیی کێشەی یاسای نەوت و گاز و کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان و هەموو کێشەکانی دیکەش چارە دەکرێن.