رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێک بەر لە خانەنشینکردنی فەرماندەی پۆلیس، عەمید فەتاح خەفاجی کە بە نەتەوە عەرەبە، کرایە جێگری فەرماندەی پۆلیس بەو ئامانجەی دوای لیوا کاوە وەک فەرمانداری بەوەکالەت دەست بەکاربێت.
فەرماندەیی پۆلیس کە چەندین ساڵە پشکی کورد بووە، ئێستاش کورد چاوی لەوەیە بەربژێر بۆ ئەو پۆستە دیاری بکات.
رووداوی زانیویەتی یەکێتی ناوی لیوا شێرزاد کافرۆشی بەرز کردووەتەوە تا بکرێتە فەرماندەی پۆلیس، بەڵام تائێستا رەزامەندیی لەسەر نەدراوە. پەرلەمانتارێکی یەکێتی دەڵێ، پۆستی فەرماندەی پۆلیس وەردەگرنەوە.
شێخ سەباح حەبیب، ئەندامی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "بەڵێ ئەو پۆستە پۆستی کوردە و لەناو کورد دا پۆستی یەکێتییە، لیوا کاوە خانەنشین بووە. ئێستا بەوەکالەت جێگرەکەی لەوێیە. یەکێتی کەسێکی پلەداری داناوە بۆ ئەو پۆستە، وا بڕیارە لەماوەیەکی نزیکدا وەری بگرینەوە دواتر رێککەوتنی سیاسی لەسەر پارێزگار و ئەو پۆستانە ئەگەری گۆڕانکاری هەیە، بەڵام بۆ ئێستادا پۆستی کوردە و هی یەکێتییە و بەربژێریشمان هەیە."
جیا لەوەی کورد پۆستی فەرماندەیی پۆلیسی کەرکووک بە پشکی خۆی دەزانێ و ئێستا لەلایەن عەرەب بەوەکالەت بەڕێوەدەبردرێت، ئامانج ئەوەیە جارێ بەوجۆرە بمێنێتەوە.
تورکمانیش داوای کردووە پۆستی فەرماندەی پۆلیس بدرێتە ئەوان و بەربژێریشیان هەیە. لایەنە تورکمانیەکان ئامانجیان ئەوەیە گەر فەرماندەی پۆلیسیشیان دەستنەکەوێ جێگریان پێبدرێتەوە.
غەریب عەسکەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی تورکمانی دەڵێت: "پێش 16ی ئۆکتۆبەر، جێگری فەرماندەی پۆلیس لە پشکی تورکمان بوو، بەداخەوە نەگەیشتینە ئەنجام و نەگەڕایەوە بۆ نەتەوەی تورکمان. دەزگا ئەمنییەکانی دیکەش لەپارێزگای کەرکووک نوێنەری راستەقینەمان نین، ئێمە وەک تورکمان داوای فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک دەکەین."
لەدوای هێرشەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرەوە، کورد زیاتر لە 140 پۆست و بەرپرسیارێتیی لەدەستداوە.
گرنگترین جومگەکانی دەسەڵاتی ئیداری ئێستا بەدەست کوردەوە نەماون وێڕای ئەوەی لەوکاتەوە سێ هەڵبژاردن ئەنجام دراوە و بەپێی دەنگەکان کورد نزیکەی 50%ی دەنگەکانی بردووەتەوە یان کەمێک کەمتر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ