لە سنووری ئامێدی گولـلەهاوەنێک بەر ماڵی هاونیشتمانییەک دەکەوێت
رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ گولـلەهاوەنێک بەر ماڵێکی گوندی گوهەرز لە قەزای ئامێدی سنووری پارێزگای دهۆک کەوت، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو.
بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە، ماوەی هەفتەیەکە شەڕ و پێکدادانی چڕ لە دەوروبەری قەزای ئامێدی هەیە و دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکانی هەراسان کردووە.
فایەق بەلاڤەیی، دانیشتووی گوندی بەلاڤە بە رووداوی گوت، لە ماوەی رابردوودا، نزیکەی هەشت گولـلەهاوەنێک و تۆپ لە دەوروبەری گوندی گوهەرز کەوتوونەتە خوارەوە. گوتیشی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
هەروەها دەڵێت، ماوەی هەفتەیەک بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، دانیشتووانی گوندی گوهەرز ناتوانن بچنە نێو رەز و باخەکانیان، "چەندین جار داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە رێگە بە هاووڵاتییان بدەن بچنە نێو رەز و باخەکانیان. بەڵام هیچ رێگەمان پێنەدراوە".