بەشێكی باخچە و پارکە گشتییەکانی سۆران شێوێندراون
رووداو دیجیتاڵ
ئەو باخچە و پارکانەی سۆران کە پارەی زۆر لە دروست کردنیان خەرج کراوە، ئیستا هیچیان بەسەر هیچەوە نەماوە. دیوارەکان روخاون، دارەکان شکێندراون، کورسی و کەپرەکانیش هێندەی توانراوە تێک دراون و بەشێکیشیان دزراون.
شەوکەت محەممەد ئەمین 22 ساڵە خزمەتی باخچە و پارکەکانی سۆران دەکات. تا لایەک چاک دەکات، دوو لای دیکە خراپ دەکرێن.
شەوکەت محەممەد ئەمین دەڵێت: "پێویستە ئەو پارکانە شەو پاسەوانیان هەبێت، یەک کارتی مۆبایل بەکاردێنم تاکو تانکەرە ئاوێک دەهێنن، پێویست ناکات ئاوی پارکەکان لەگەڵ ئاوی ماڵان بێت. کاژێرێک بێت و 10 کاژێر نەیەت."
مێژووی دروستکردنی ئەو پارکانە دەگەڕێتەوە ساڵانی 2002 بۆ 2010. حەوت پارک و باخچەن، هەریەکێکیان. سەروی 100 ملیۆن دینار لە دروستکردنیان خەرج کراوە.
ماڵی دووەمی بەساڵاچووانی ئەو شارەن و داوا دەکەن پارێزگاری لە مانەوەیان بکرێت.
نەجیم محەممەد، دانیشتوویەکی سۆرانە و دەڵێت: "هەروەک چۆن ماڵی خۆمان دەپارێزین، دەبێت ئەوها ئێرەش بپارێزین، ئەوە بە خوێنی ئێمە دروست کراوە. خۆ لە خۆیەوە دروست نەبووە، خەڵک ستەم دەکات کە ئاوا کورسی و دارەکان دەشکێنن. دواجار هەمووی لە زیانی ئێمەیە."
حکومەت لیژنەی بەدواداچوونی بۆ شێوان و تێکچوونی پارکەکانی سۆران پێکهێناوە.
لەپاڵ دروستکردنی چەند پارکێکی نوێ لەو شارە، دەیانەوێت بە سزادانی سەرپێچیکاران و چاودێریکردنی وردتر جوانی و سەوزایی بۆ پارکە کۆنەکانیش بگەڕێننەوە.
رەجەب زوبێر، قایمقامی سۆران دەڵێت: "دەرخستەی تایبەتمان ئامادە کردووە بۆ ئەو پارکانەی چەند ساڵێکە دروستکراون و ئێستا بەهۆی کەمتەرخەمی و هۆکاری دیکەوە تێکچوونە. رەزامەندیش دراوە لە ئیدارە کە ئەوانە نۆژەنبکرێنەوە، دەمانەوێت چاودێریەکی وردتریش بۆ پارکەکان بکەین."
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی شارەوانیی سۆران، ئیستا رێژەی سەوزایی لەو شارە 3٪ـیە. لەکاتێکدا بە گوێرەی ماستەرپلان و ستانداردە ژینگەییەکان دەبێت 23٪ کەمتر نەبێت.