باڵیۆزی ئێران لە بەغدا بۆ سەرۆک بارزانی: وڵاتەکەم بە بایەخەوە سەیری سەردانەکەت دەکات

04-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆک بارزانی لە بەغدا بەجیا پێشوازی لە محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەنیل بورا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کرد.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا و سەرۆک بارزانی ئامانج و هۆکارەکانی سەردانی بۆ بەغدا خستەڕوو".
 
ئەوەش ئاماژەی پێدراوە کە، "هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی بە بایەخەوە سەیری سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەکات و پشتیوانیەتی. هیواشی خواست ئەنجامی ئەرێنی لەم سەردانە بکەوێتەوە و کار بەو رێککەوتنانە بکرێت کە لەنێوان لایەنە عێراقییەکاندا هەیە. پەیوەندییە دووقۆڵییەکان تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوو".
 
دوێنێ چوارشەممە، سەرۆک بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەلایەن د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی عێراقەوە پێشوازی لێکرا، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکانی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
 
لە هەمان رۆژدا سەرۆک بارزانی لەگەڵ هەریەک لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا کۆبووەوە.
 
لە لایەکی دیکە، بەگوێرەی راگەیێندراوێکی دیکەی بارەگای بارزانی، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئەنیل بورا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق کردووە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "لە کۆبوونەکەدا دوایین پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسیی عێراق خرایە بەر باس و سەرۆک بارزانی هۆکار و ئامانجەکانی سەردانی خۆی بۆ بەغدا خستەڕوو و ئاماژەشی بەوەدا کە لەناو پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئارا کە دەکرێ زەمینەیەکی باش بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".
 
باس لەوەش کراوە کە، "هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی تورکیا لە عێراق رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی ئەوەیە کە گیروگرفتە سیاسیەکانی عێراق بە دیالۆگ و لەیەکتێگەیشتن چارەسەر بکرێت و هیچ پێکهاتەیەک پەراوێز نەخرێت. پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی نێوان عێراقی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان و تورکیا تەوەری دیکەی ئەو دیدارە بوو".
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە