سەرۆک بارزانی و حەلبووسی کۆبوونەوە؛ 'سەرۆکی پەرلەمان دیاری بکرێت'

04-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆک بارزانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حیزبی تەقەدوم کۆبووەوە و دیاریکردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان یەکێک لە تەوەرەکانی دیدارەکەیان بوو.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ بەغدا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی تەممووزی 2024، لە شاری بەغدا سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پارتی تەقەدوم کۆبووەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "لە دیدارەکەدا وێڕای باسکردنی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هاوکێشەکان، بابەتی دیاریکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەروەها جێبەجێکردن و پابەندبوونی لایەنەکان بە رێککەوتنی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت تاوتوێ کرا".
 
دوێنێ چوارشەممە، سەرۆک بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدا و لەلایەن د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی عێراقەوە پێشوازی لێکرا، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکانی، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
 
لە هەمان رۆژدا سەرۆک بارزانی لەگەڵ هەریەک لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازدا کۆبووەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە