حکومەت داوای لیستی ناوی فەرمانبەران دەکات بۆ ئەوەی زەوییان پێبدات

04-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانیان دەکەن لە زووترین کاتدا لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیان بۆ بنێرن، کە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند نەبوون، بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕینیش دەڵێت: "ئەم ساڵ زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت."
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراو داوایان لە بەڕێوەبەرایتییە گشتییەکانیان کردووە، لە زووترین کاتدا لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەیان بەپێی ئەو ناوچە و شوێنانەی سنووری ئەوانە، بۆ بنێرن.
 
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، رۆژی پێنجشەممە، 4ـی ئەم مانگە، نووسراوێکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی و نەخۆشخانە و بنکە و سەنتەرەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە کردووە، داوایان لێدەکات لەماوەی هەفتەیەکدا لیستی ناوی ئەو فەرمانبەرانەی وەرگرتنی زەوی دەیانگرێتەوە بۆیان بنێرن. 
 
لەگەڵ نووسراوەکەدا فۆرمی بەڵێننامەی فەرمانبەرانیش هاوپێچ کراوە، کە بەڵێننامە بە فەرمانبەر پڕدەکرێتەوە، وێرای داواکردنی زانیاریی پێویست، لەوانە ناو و شوێنی نیشتەجێبوون و شوێنی لەدایکبوون و باری کۆمەڵایەتی و ژمارەی ئەندامانی خێزان و ژمارەی ساڵانی خزمەت و زانیاریی دیکە.
 
ئاوارە عەلی حەسەن، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕین، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نووسراوەکە لە ژمارەیەک وەزارەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان کراوە، وەزارەتی شارەوانیش نووسراوی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی خۆی کردووە، بۆیە کارەکان بەرەو پێشەوە دەچن و ئەمساڵ رێکارەکان تەواو دەکرێن و زەویش بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێت."
 
بەرزان کەریم، بەڕێوەبەری گشتی شارەوانییەکانی ئیدارەی گەرمیان، بە رووداوی گوت: "رێکارەکان وایە دوای وەرگرتنی لیستی ناوی فەرمانبەران لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانەوە بۆ وەزارەت بەرزدەکرێتەوە، وەزارەتەکان لیستەکانیان دەدەنە ئەنجوومەنی وەزیران، دواتر ئەنجوومەن رەوانەی وەزارەتی شارەوانی دەکاتەوە بەمەبەستی وردبینیی لە ناوەکان، کە لە هەر ناوچە و شوێنێک وردبینی بۆ ناوەکان بەپێی میکانیزمی شوێنی دەکرێت."
 
رۆژی 27-03-2024، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوون.
 
رۆژی 28ـی ئایاری 2024 ژمارە 219ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە، یەکێک لە رێنماییەکان کە بڵاوکرابوونەوە، دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەراندا.
 
رێنماییەکە لە پێنج مادە پێکدێت، لەوانە مەرجی ئەوانەی لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن، رووبەر، شوێن و نرخی زەوییەکان.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت، نرخی زەوییەکان بەپێی رێنماییەکە بەمشێوەیە دەبێت:
 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو پارێزگا: 5 هەزار دینار دەبێت. 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو قەزاکان: 3 هەزار دینار دەبێت. 
- نرخی یەک مەتر دووجا لەناو ناحیەکان: 2 هەزار دینار دەبێت. 
 
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە ئەگەر رووبەری زەوییەکە زیاتر بوو لەوەی تەرخانکراوە، ئەوا لەلایەن لیژنەوە بەنرخی رۆژ دەخەمڵێندرێت.
 
رێنماییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، دابەشکردنی زەوی بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندی دەبێت، سێ مەرج دیاریکراوە کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی لەدایکبوون.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە