رووپێوییەکی مەیدانی؛ بەکارهێنانی موبەریدە کێشەی کەمئاوی لە ئیدارەی سۆران دروستکردووە

رووداو دیجیتاڵ 

کەمیی کاژێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی وای کردووە هاونیشتمانیان رووبکەنە بەکارهێنانی "موبەریدە" و، بەگوێرەی رووپێوییەکی مەیدانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئیدارەی سۆران، بەکارهێنانی ئەو ئامێرە هۆکارێکە بۆ ئەوەی کێشەی کەمئاوی لە ئیدارەکە دروست ببێت.
 
ئەندازیار تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران میوانی بەرنامەی مژار بوو، کە رۆژانە محەممەد رەحیم لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات. باسی گرفتەکانی سێکتەری ئاوی سنوورەکەی کرد و گوتی "لە دوو رۆژی رابردوودا بەهۆی رەنووی بەفر، گرفت بۆ سەرچاوی ئاوی چۆمان لە پرژە دروستبوو، بەڵام ئێستا سەرچاوەکە پاککراوەتەوە و کێشەکە چارەسەکراوە، تاوەکو دووسبەی گرفتی ئاو لە قەزای چۆمان کۆتایی دێت."
 
رۆژی رابردوو، چەند هاونیشتمانییەک لە قەزای رواندز پەیوەندییان بە بەرنامەی مژار کرد و گوتیان، "لە گەڕەکی نەورۆز کێشەی ئاویان هەیە."
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران دەڵێت، "هۆکاری ئەو کێشانە کۆنن کە لەکارکەوتنی ترۆمپای ئاوی پرۆژەی ئاوی قەزاکەبوو لە سەرچاوەی ئاوی بێخاڵەوە، ئێستا رەزامەندی دراوە لەسەر یەک ملیار و 200 ملیۆن دینار بۆ کڕینی 5 پەمپ بۆ پرۆژەکە و، چارەسەرکردنی ئەو گرفتە، هەروەها هەندێک کێشەمان لە تۆڕەکانی ئاو لە گەڕەکی نەورۆزی قەزای رواندز هەیە، تاوەکو گەیشتنی پەمپەکان کێشەی تۆڕی ئاوی گەڕەکە چارەسەر دەکەین."
 
نزیکەی 7 گوند لە دۆڵی ئاکۆیانی قەزای رواندز کێشەی ئاویان هەیە و بە تانکەر ئاویان بۆ دابیندەکرێت.
 
ئەندازیار تەحسین سەعدوڵڵا دەڵێت "پرۆژەی ئاوی ئەو گوندانە لە جێبەجێکردندایە و قۆناخی یەکەمی پرۆژەکە 591 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، ئێستا نزیکەی 65%ـی تەواو کراوە، بۆ تەواوکردنی قۆناخی دووەمیش، ملیارێک دینار تەرخانکراوە و رەزامەندی گەڕاوەتەوە، واتە پێش تەواوبوونی قۆناخی یەکەم، قۆناخی دووەمیش دەستپێدەکات."
 
لە ناوەندی قەزای سۆران، سێ پرۆژەی ئاو هەن؛ تێکڕا توانای بەرهەمهێنانیان دوو هەزار و 950 مەتر سێجا ئاوە لە کاژێرێکدا، کە یەکێکیان پرۆژەی بێخاڵە و ساڵی 2009 دروست کراوە، لە کاژێرێکدا 1800 مەتر سێجا ئاو دەدات، هەروەها پرۆژەیەکی دیکەش لەسەر ئاوی بێخاڵ هەیە، بەڵام پاڵاوگەی نییە، ئەمەشیان لە کاژێرێکدا نزیکەی 1000 مەتر سێجا ئاو دەدات، ئەمانەش جگە لەگەڵ 10 بیر، بەڵام نزیکەی 70%ـی ئاوی قەزای سۆران لە بێخاڵەوە دابین دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری ئاوی ئیدارەی سۆران دەڵێت "گەورەترین کێشەی ئێمە لەناوەندی سۆران، کێشەی توانای بەرهەمهێنانی ئاوە، چونکە توانا بەرهەمێنانمان بە گوێرەی پێداویستییەکان نییە و، ئێستا لە هەموو پرۆژەکان توانای بەرهەمهێنانمان 2950 مەتر سێجایە لە کاژێردا، لەکاتێکدا پێویستمان بە چوار هەزار مەتر سێجایە کاژێرێکدا، ئەمەش وایکردووە لە 48 کاژێردا بتوانین نزیکەی کاژێرێک و نیو، ئاو دابەش بکەین."
 
ئەو بەڕێوبەرە گوتیشی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە ناوەندی سۆران، پێویستییان بە پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی ئاو هەیە، کە دیزایین و دەرخستەی ئامادەیە، پرۆژەکە پێویستیی بە نزیکەی 200 ملیار دینارە، ئەوەش پێویستی بە بودجەیەکی تایبەتە.
 
لەبارەی ئەو پرۆژانەی لە سێکتەری ئاو لە سنوورەکەدا جێبەجێی دەکەن، تەحسین سەعدوڵڵا گوتی، "ئێستا رەزامەندیمان هەیە بۆ دروست کۆگەیەکی گەورە، بە قەبارەی 20 هەزار مەتر سێجا لە ناوەندی سۆران، هەروەها کڕینی چەند پەمپێک بۆ پرۆژەکانی ئاو، گۆڕینی تۆڕی ئاوی باپشتیان و خانەقا، لەگەڵ گەیاندنی تۆڕی کارەبا بۆ سنووری مێرگەسۆر بە گوژمەی سێ ملیار دینار."
 
گوتیشی، پرۆژەی ئاوی بارزان ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە و نزیکەی 90%ـی تەواوکراوە، بۆ کۆتایی ئەم ساڵ، پرۆژەکە تەواو دەبێت و گرفتی گوندەکانی دەڤەری بارزان چارەسەر دەکات. هەروەها پرۆژەی ئاوی گوندەکانی دەشتی بەرازگر لەسەر رووباری کانی رەش لە قۆناخی جێبەجێکردندایە و نزیکەی 85%ـی تەواوبووە، تاوەکو مانگی ئەیلوول تەواو دەبێت، پرۆژەی ئاوی ناحیەی قەسرێش لە قۆناخی واژۆکردندایە و بەم نزیکانە دەستبەکار دەبێت."
 
لەبارەی دابینکردنی ئاو بە تانکەر بۆ ئەو گەڕەک و شوێنانەی لە سنووری ئیدارەی سۆران کە کێشەی کەمئاوییان هەیە، تەحسین سەعدوڵڵا دەڵێت، کەمی توانای بەرهەمهێنانی ئاو وایکردووە پرۆسەی دابەشکردنی ئاو بە تانکەر بەردەوام بێت، ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دینار بۆ دابینکردنی ئاو بە تانکەر دابین دەکرێت، پرۆسەی دابینکردنی ئاو بە شێوەی پسووڵە و کۆبۆنە، بڕی 1000 لیتر ئاو دەدرێتە هاونیشتمانییان بە 250 دینار، بە گوێرەی داواکاری هاونیشتمانییان ئاویان بۆ دابین دەکرێت لە ناوەندی سۆران و دەورووبەری (بەشێوەی پچڕپڕ)."
 
بەگوێرەی رووپێوییەکی مەیدانی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئیدارەی سۆران، دانانی پێوەری زیرەک و کەمبوونەوەی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی وایانکردووە هاونیشتمانییان زیاتر رووبکەنە بەکارهێنانی فێنککەرەوەی ئاوی "موبەریدە" کە ئەمەش هۆکارە بۆ بەکارهێنانی بڕێکی زۆر ئاو.
 
ئەندازیار تەحسین سەعدوڵڵا دەڵێت، "کەمیی کارەبا و پێوەری زیرەک وایکردووە خەڵک کەمتر سپلیت بەکاربهێنێت، بە گوێرەی توێژینەوە و رووپێوییەکی مەیدانی بەڕێوەبەرایەتیمان، هەر موبەریدەیەکی چوار هەزاری بۆ هەر کاژێرێک نزیکەی 30 بۆ 40 لیتر ئاوی پێویستە، واتا بۆ هەر 24 کاژێر نزیکەی 700 بۆ 1000 لیتر ئاوی پێویستە، کە ئەمەش هۆکارێکە بۆ کێشەی کەمئاوی لە هەموو شار و شارۆچکەکان."