سەرکردەی لایەنە سوننەکان بۆ سەرۆک بارزانی: یارمەتیمان بدە لە چارەسەری پرۆسەی سیاسیی عێراق

04-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە بەغدا سەرۆک بارزانی و سەرکردەی بەشێک لەلایەنە سوننەکانی عێراق کۆبوونەوە. ئەو سەرکردانە داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کە یارمەتیدەریان بێت لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکان بگەنە چارەسەر بۆ کێشە و داخوازییەکانیان.
 
لە درێژەی کۆبوونەوەکانیدا، سەرۆک بارزانی لە بەغدا لەگەڵ سەرکردەی بەشێک لەلایەنە سوننەکان کۆبووەوە و بارەگای بارزانیش لەوبارەیەوە دەڵێت، ئەو سەرکردانە پێزانینیان بۆ سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا دەربڕی و بە سەردانێکی "مێژوویی و گرنگ" لە قەڵەمیاندا و کە لە ئەنجامدا کاریگەریی "ئەرێنی" لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی بەجێدەهێڵێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانی: "لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان کردەوە کە بوونی سەرۆک بارزانی لە بەغدا، پشت و پەنایە بۆ پێکهاتەی سوننە و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق و هێز دەداتە پڕۆسەی سیاسی."
 
بەپێی بارەگای بارزانی، سەرۆک بارزانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو سەرکردانە و هیوای خواست، کە ئەو کۆبوونەوەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ لێکتێکەیشتن و هەماهەنگیی زیاتری نێوان لایەنەکان. 
 
بارەگای بارزانی لە راگەیێندراوەکەیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە کە "سەرۆک بارزانی وێڕای باسکردنی هۆکارەکانی سەردانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، رایگەیاندووە کە کەشێکی ئەرێنی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا هاتووەتە ئاراوە، لەسەر بنەمای دەستوور و بەپێی رێککەوتنەکان بەسەر کۆسپ و ناتەبایی و کێشەکاندا زاڵ ببین."
 
"پەیوەست بە بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کە ئەو بابەتە رەهەندی نیشتیمانی هەیە و پێویستی بە بڕیاری بە کۆمەڵ و نیشتمانی لەوبارەیەوە دەبێت، کە خزمەتی بەرژەوەندیی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بکات." بارەگای بارزانی وادەڵێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە