چیرۆکی سەرکەوتنی هەنار بە پاڵپشتیی سەرسەختانەی دایک و بێ باوک

04-07-2023
پێشەوا بەختیار
هەنار تەها لەو ژوورەی کە تێیدا کۆششی دەکرد. وێنە: رووداو
هەنار تەها لەو ژوورەی کە تێیدا کۆششی دەکرد. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - چەمچەماڵ

هەنار تەها، ئەو کچەی لە هەرێمی کوردستان بووە یەکەمی بەشی وێژەیی 12ی ئامادەیی، چیرۆکی سەرکەوتنی لە ژوورێکدا نووسییەوە کە نە لەبغ کرابوو نە گەچ، ژوورەکەش سەقفەکەی بە چینکۆ دروستکراوە و پڕە لە کەلوپەلی هەڵگیراوی ماڵەکەیان.
 
هەنار خەڵکی قەزای چەمچەماڵە و وەکو خۆی دەڵێت، لە ژوورێکدا خوێندوویەتی کە جیاواز بووە لە ژوور و ماڵی ئاسایی، لە زستاندا کاتێک باران لە سەقفە چینکۆکەی ژوورەکەی داوە، دەنگەکەی بێزاری کردووە لە کاتی خوێندن.
 
هەنار تەها نووری بە کۆنمرەی 97.43 پلەی یەکەمی لە قۆناخی 12ی ئامادەیی بەشی وێژەیی بەدەستهێناوە، لەبارەی ئەو ژوورەی تێیدا دەخوێند بە رووداوی گوت، "بەڕاستی ژوورێکی تەواو جیاواز بوو، وەکو ژوورێکی ئاسایی نەبوو. من ئامانجم دیاریکردبوو، هەر لە پۆلی 10ی ئامادەییەوە خۆم ئامادە دەکرد بۆ یەکەمبوونی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی 12ی ئامادەیی."
 
ئەو خوێندکارە ئاماژەی بەوەش کرد، "لەبەر ئەوەی لە وەرزی زستاندا سەرماکەی و لە وەرزی هاوینیشدا گەرماکەی بەتەواوی بێزارکەر بوو، ژوورەکە بۆ خوێندن جیاواز بوو لە ژوورەکانی دیکە. سەری ژوورەکەم بە چینکۆ داپۆشراوە و لە هەردوو وەرزەکەدا ناڕەحەتیی خۆی هەبوو؛ لە زستاندا کە باران دەباری بۆ خوێندنەکەم ناخۆش بوو، کە باران دەباری تەقەی بارانەکە نەیدەهێشت لە خوێندن بەردەوام بم، وای لێدەهات هەندێکجار دەستبەرداری خوێندن دەبووم تاوەکو بارانەکە دەوەستایەوە. لە وەرزی هاوینیشدا چینکۆکە بە تینی گەرمای خۆر داخ دەبوو، ئیدی نەمدەتوانی بەردەوامی بە خوێندنەکەم بدەم؛ بەڵام لەبەر ئەوەی ئامانجم دیاریکردبوو کە یەکەمی هەرێمی کوردستان بم، بۆیە وام لە خۆم دەکرد کە هەوڵ و ماندووبوونەکانم دووبارە وەگەڕبخەم و بەردەوام بم لە خوێندن."
 
سەرەرای دۆخی ژوورەکەشی هەنار باسی لەوە کرد، رۆژانە زۆرینەی کاتەکانی بە خوێندن لەو ژوورە بەسەربردووە و شەوانیش زیاتر لە شەش کاژێر نەیتوانیوە بنوێت تاوەکو هەموو وانەکانی بەباشی کونتڕۆڵ بکات.
 
هەنار دەڵێت، وانەکان بەلایەوە خۆش بوون، بەڵام ئینگلیزی "زۆر ناڕەحەتی کردم" و هەرچەندە یەکێک بووە لەو وانانەش کە تامەزرۆ بووە نمرەی تەواوی تێدا بەدەستبهێنێت، "بەپێی وانەکان کاژێرەکانی رۆژانەم دابەش دەکرد بەسەر وانەکاندا، شەوی وا هەبوو چوار بۆ پێنج کاژێر دەخەوتم، ئەگەر زۆر زۆر بخەوتمایە، تەنیا شەش کاژێر دەخەوتم و ئەو کاتەی دیکەم هەمووی بۆ وانەکانم تەرخانکردبوو، لەبەر ئەوەی کە وێژەیی بووم کاتی زیاترم پێویست بوو بۆ دووبارەکردنەوەی وانەکان و چەسپاندنی بابەتەکان لە مێشکم."
 
ئاواتی منداڵیی هەنار ئەوەیە ببێتە پارێزەر و خزمەت بە چەمچەماڵ بکات، دەڵێت، "حەزم لێیە بچمە کۆلێژی یاسا و ببمە پارێزەرێک کە خزمەتی وڵاتەکەم بکەم، بەتایبەتی قەزای چەمچەماڵ. سەرەڕای ئەوەی لە ماڵەوە دوور بووم، بەڵام کاتێک میوانمان دەهات، هەر دەنگ دەهاتە سەرەوە و وای لێهاتبوو کە دەچووم خۆم بە میوانەکانم دەگوت: کەمێک دەنگتان نزم بکەنەوە تاوەکو بتوانم بەردەوامی بە خوێندنەکەم بدەم."
 
لاولاو مستەفا، دایکی هەنار دەڵێت، لەکاتی خوێندنی هەناردا، یارمەتیی داوە بەوەی کە ئاوی خواردنەوەی بۆی بردووە و خزمەتی کردووە، "پێم دەگوت، بخوێنە و کە دەهاتە خوارەوە نانم دەدایە و دەمگوت، نوێژەکەت بکە و بچۆرە سەرەوە بۆ خوێندن. کەمێک دەخەوت و دیسان دەمناردەوە ژوورەکەی لە سەرەوە. بەیانیانیش کە نوێژم دەکرد، نەدەخەوتم و ئەویشم هەڵدەستاند بۆ خوێندن."
 
لەبارەی هاتنی میوانیش بۆ ماڵیان و دروستکردنی گرفتی خوێندن بۆ هەنار، دایکی دەڵێت، "منداڵەکانی کچ و کوڕەکانم دەهاتن و منیش گوتم وا چاکترە لە سەربان ژوورێکی بۆ دروستبکەم، منیش لە توانامدا نەبوو ژوورێکی رێکوپێک و جوانی بۆ دروستبکەم، ئەو ژوورەم لەگەڵ ئەو زاوایەماندا دروستکرد و چینکۆیەکمان خستە سەری، موبەریدەیەکمان بۆی دانا و رۆژانەش تەرمۆزەیەک ئاو و ساردی و پسکیتم بۆی دەهێنایە سەرەوە، بۆئەوەی لەکاتی هەستکردن بە برسێتی و تینوێتی بیخوات و بیخواتەوە."
 
لاولاو دەڵێت، پێنج کچ و پێنج کوڕی هەیە، تەمەنی هەناریش پێنج ساڵ بووە کە باوکی مردووە، "دەڵێت، وەکو خەونێک یان لە وێنەیەکدا بیبینم، بەو شێوەیە باوکم دێتە بەرچاوم. خزم و کەس و منداڵەکانم یارمەتییان داین و هەنارم هێنایە بەرهەم. هەر لە سەرەتایشەوە دڵم نەشکاندووە و پێم گوتووە بە دڵی خۆت. حەزی لە هەرچی بێت، یارمەتیی دەدەم تاوەکو لە توانامدا بێت."
 
ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆش ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەیەکی نیشتەجێبوون بە دیاری دەبەخشێت بە بنەماڵەی هەنار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".