کورد لە کەرکووک بە لیستی جیاواز بەشداریی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکات؛ بەشێک لە هاونیشتمانییان نیگەرانن

 
رووداو - کەرکووک

هاونیشتمانییان ناڕازی و نیگەرانن لە فرەلیستیی کورد بۆ ئەم هەڵبژاردنە. خەڵک دەڵێن، "با حیزبەکان ناکۆکییەکانیان لە کەرکووک رەنگ نەداتەوە، چونکە پرسەکە لێرە چارەنوسسازە."
 
نەوزاد فوئاد، دووکاندار لە کەرکووک دەڵێت، "ئەگەر ئەمجارەش یەک نەبن، ئێمە بۆ پێنج ساڵی دیکەش ئاوا دادەنیشین، لە ساڵی 1991ـەوە چاوەڕێی ئەم دوو برا گەورەیەمانە، برا گەورەیی ئاوا ناکرێت."
 
فەرهاد مەردان، کاسبکار لە کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، "ئەگەر رێکنەکەون، هیچ شتێکمان بەدەستەوە نامێنێت لە کەرکووک." محەممەد عەلی، کاسبکارە و دەڵێت، "پشتیوان بە خودا بەیەکەوە دادەبەزن، حەز دەکەین هەمووی یەکدەست بێت."
 
ئەوەی یەکلایی بووەتەوە تائێستا ئەوەیە کە کورد بە یەک لیست بەشداری ناکات. یەکێتی و ژمارەیەک لایەن لە هەوڵدان لیستێکی هاوبەش دروست بکەن، بەڵام هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
 
جەمال شکور، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی دەڵێت، "ئاراستەی یەکێتی ئەوەیە کە یەک لیست بێت، ئێمە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا ئەزموونمان هەیە کە چەندێک دەنگ لە کەرکووک فەوتاون، گرنگە ئەمجارە هەشت+1 ببەین، واتە لە 16 کورسی دەبێت نیوە زیاتر ببەین تاوەکو ئیدارەی کەرکووک بەدەستبهێنین. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو روانگەیەوە هیوای ئەوەمان هەیە و تائێستا کۆبوونەوەکان بەردەوامن."
 
پێش جەژن پارتی بانگهێشتی 12 لایەنی کرد بۆ کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە لیستی هاوبەش؛ بڕیارە رۆژانی داهاتوو داوای کۆبوونەوە لە چوار لایەنی دیکەش بکەن. پارتی پێداگرە لەسەر ئەوەی کە لەگەڵ یەکێتی لە کەرکووک ناچنە لیستێکی هاوبەشەوە.
 
مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی لە کەرکووک دەڵێت، "رێککەوتنی بەرایی کراوە ئەو لیستە دروست بکرێت لەوانەی کەئامادە بوون، بۆچوون وابوو کە دوای جەژن کۆبوونەوەی دیکە دەستپێبکەین، بە ئاشکرا گوتوومانە کە ئێمە لەگەڵ یەکێتی ناچینە هەڵبژاردنێکەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان خاوەنی فەوتانی کەرکووک بوون."
 
ئەوەی تائێستا چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە کە کورد بە چوار لیست یاخود زیاتر بەشداریی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەکات. رەنگە کورد بەهۆی فرەلیستییەوە ژمارەیەک دەنگ لەدەستبدات؛ ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن لایەنە رکابەرەکانی تەباتربن و لیستەکانیشیان کەمتر بێت لە کورد.