رووداو - سۆران
هەریەک لە گەڕەکەکانی دێڵزیان، بادلیان، کانی، دیانای کۆن و کەورین کە لە قەرەباڵخترین گەڕەکەکانی سۆرانن، کێشەی نەبوونی ئاوی خواردنەوەیان هەیە و دابینکردنی ئاو بە تانکەر بۆیان چارەسەر نییە. ئەو گەڕەکانە هەفتەی یەک جار بە تانکەر ئاویان پێدەدرێت، ئەویش بە کۆبۆن و 1000 لیتر ئاو بەشی هەر خێزانێکە لە هەفتەیەکدا.
فەهیمە محەممەد، هاونیشتمانی دەڵێت، "ئەگەر هەفتەی دوو جار بۆمان بێت، بەشمان دەکات، بەڵام هەفتەی یەک جار بەشمان ناکات، دوێنێ لە بێ ئاویان خواردنم چاک نەکردووە بە خودا."
تاریق حوسێن، هاونیشتمانی ئاماژە بەوە دەکات، "ناچارین ماڵمان ببەینە سەر کانیاو یان رووبارێک یان جێگەیەک کە ئاوی لێبێت، هیچ چارمان نییە چی بکەین؟ رۆژێک نییە و دووان و سێیان نییە، دەرەقەتی بێ ئاوی نایەین."
لە رێگەی هەرسێ سەرچاوەی ئاوی بێخاڵ و بەرزێوە و سەروچاوەی دیانای کۆن ئاو بۆ دانیشتووانی سۆران دابین کراوە.
جاری یەکەمە لەم کاتەی ساڵدا ئەو سەرچاوە ئاوییە وشک دەبێت و بە وشکبوونی سەدان ماڵ کێشەی کەمیی ئاویان بۆ دروستبووە.
تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران دەڵێت، "کۆتا پڕۆژەی بەرهەمهێنانی ئاو کە بۆمان کرا، ساڵی 2009 بوو، بەرهەمهێنانی ئاو و ئەو کۆکراوەیەی ئاو کە هەمانە لە کۆگاکانی ئاو بەشی ئەوە ناکات لەم هاوینەدا ئاو بدەینە هاونیشتمانییان، وشکەساڵیمان دەبێت لەمساڵدا، ئێستا 3200 مەتر سێجا ئاو دابین دەکەین، لە کاتێکدا بەگوێرەی پێویستییەکان سۆران پێویستی بە 4000 مەتر سێجا ئاوە لە کاژێرێکدا، بۆئەوەی بتوانین ئاو دابەش بکەین."
گرفتی نەبوون و کەمیی ئاو تەنیا لەو گەڕەکانە نییە کە سەرچاوەی ئاویان وشک بووە، گەڕەکەکانی دیکەی ئەو شارەش ماوەی پێدانی ئاویان کەمکراوەتەوە، بە جۆرێک کە پێشتر لە دوو رۆژدا یەک کاژێر و نیو ئاو بە هاونیشتمانییان دەدرا و ئێستا کاتی دابەشکردنەکەی کەمکراوەتەوە بۆ یەک کاژێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ