شارەوانیی بەردەڕەش: 70%ی کۆڵان و شەقامەکانی سەنتەری قەزاکە قیرتاو نەکراون

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش رایدەگەیێنێت، "تاوەکو ئێستا 70%ی کۆڵان و شەقامەکانی ناو سەنتەری قەزای بەردەڕەش قیرتاو نەکراون، بەڵام دەستەوەستان نین و قیرتاوکردن بەردەوامە."
 
سیروان حەسەن، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا بودجەیەکی زۆر باش بۆ قیرتاوکردنی گەڕەک و کۆڵانەکانی بەردەڕەش دابینکراوە و ئەو بودجەیەی تەرخانکراوە بڕی چوار ملیار دینارە، هەرچەندە ئەو بڕە پارەیە بەشی قیرتاوکردنی هەموو گەڕەکەکان ناکات، بەڵام لە کارکردن بەردەوامین و دەرخستە بۆ هەموو ئەو گەڕەکانە دەکەین کە پێویستیان بە قیڕتاوە."
 
لەبارەی نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکی و دووسایدەکانی قەزاکە، سەرۆکی شارەوانیی بەردەرەش گوتی، "بەگوێرەی ماستەرپلانی پەسندکراوی قەزاکە، هەموو شەقامە دووسایدەکانمان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، بۆیە بودجەیەکی تایبەتی بۆ دابینکراوە و تاوەکو ساڵی 2024 دەست بە نۆژەنکردنەوەیان دەکرێت."
 
بە گوتەی سیروان حەسەن، ناوچەی پیشەسازیی نوێی بەردەڕەش یەکێکە لەو شوێنانەی دیکە کە رۆژانە کاری تێدا دەکرێت و لەلایەن کۆمپانیای ORS کارەکانی جێبەجێ دەکرێت، نزیکەی 15%ی تەواو بووە و بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە ملیارێک و 500 ملیۆن دینارە.
 
ژمارەیەک گەڕەک لە قەزای بەردەڕەش گرفتی ئاوەڕۆیان هەیە و لە وەرزی زستان ئاویان تێدا کۆدەبێتەوە، زۆرجاریش دەبێتە لافاو، بەتایبەت گەڕەکی 730، سەرۆکی شارەوانیی بەردەڕەش لەوبارەیەوە گوتی، "بەشێک لە گەڕەکەکانی وەکو گەڕەکی 730 لە ماوەی رابردوودا بە زیادەڕۆیی دروستکراون، بۆیە پێشتر داوامان لە هاونیشتمانییان کردبوو کە بێن و خانووەکانیان لەسەر خۆیان تۆمار بکەن بۆئەوەی ئێمەش خزمەتگوزارییان پێشکێش بکەین، بەڵام ئەوان وەکو پێویست بەدەم داواکارییەکەمانەوە نەهاتوون، ئەوەش بە مانای ئەوە نایەت کە خزمەتگوزارییان پێشکێش ناکرێت، بەڵکو پلانمان هەیە بە گوژمەی 500 ملیۆن دینار کێشەی لافاو لە زستانی داهاتوو چارەسەر بکەین."
 
سیروان حەسەن دەشڵێت، "بۆ داهاتوو پڕۆژەی زۆرمان دەبێت، وەکو دروستکردنی پڕۆژەی شەقامی 60 مەتری و چەند رێگەوبانێکی سەرەکی و دروستکردنی پارکێکی گەورە بۆ زیادکردنی سەوزایی، کە هەموو ئەوانە نزیکەی شەش ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە."