یەکەمی بەشی زانستیی پۆلی 12 لە هەولێر باوکی عارەبانەی پێیە و دەڵێت: هەرگیز نایدۆڕێنم

 
رووداو - هەولێر

سروە کە سێیەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و یەکەمی بەشی زانستیی پۆلی 12ی ئامادەییە لەسەر ئاستی هەولێر، سەرکەوتنە گەورە و نایابەکەی ماندووبوونی لەبیربردووەتەوە.
 
سروە ساڵح قادر، لە خێزانێکی کەمدەرامەتە و بە بەدەستهێنانی کۆنمرەی 694 لە بەشی زانستیی پۆلی 12، سێیەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان و یەکەمی سەر پارێزگای هەولێرە. ئەو خوێندکارە کە رۆژانە 10 بۆ 15 کاژێر خوێندوویەتی، لە قوتابخانەیەکی حکومی بەبێ بوونی هیچ مامۆستایەکی تایبەت ئەو نمرەیەی بەدەستهێناوە.
 
سروە ساڵح، سێیەمی سەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە بەشی زانستیی پۆلی 12ی ئامادەیی دەڵێت، "بڕیارمدا بۆ ئەوە بخوێنم کە لە یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان بم، هەمیشە ئامانجم ئەوە بووە کۆنمرەی 100م هەبێت، ساڵانی رابردووش بۆ ئەوە خوێندوومە کە کۆنمرەی 100 بهێنم."
 
سروە دار و دیواری ژوورە بچووکەکەیی بە تێبینی و بابەتە گرینگەکانی وانەکانی داپۆشیوە، لەنێویاندا ئەو گوتە و پەندانەی گوزارشتن لە ئومێدبەخشین و هاندان.
 
سروە باسی لەوە کرد، "دەمبینی یەکێک لە وانەکان قورس بوو بۆم، دەهاتم وەکو تێبینی کورتم دەکردەوە و دەمنووسی، یەکەمجار کورتکراوەکەم دەخوێند ئینجا وانەکە، جگە لە تێبینییەکان، هەندێک گوتەی ئینگلیزیم نووسیوە بۆ هاندانی خۆم، چونکە زۆرجار هەیە لەسەر وانەکان سارد دەبیتەوە، بۆ نموونە ئەم گوتەیە کە دەڵێت: هەرگیز نایدۆڕێنم، یان فێردەبم یان سەردەکەوم."
 
دایک و باوک و دوو براکەی سروە، هاندەر و پاڵپشتی سەرەکیی بوون، هەموو هەوڵێکیان دابینکردنی پێداویستییەکانی بووە، تاکە سەرچاوەی داهاتیشیان عارەبانەکەی باوکیانە.
 
هەر کە گەیشتینە لای عەرەبانەکەی باوکی سروە لەنزیک شەقامی پزیشکانی هەولێر، دووکانداران و هاوڕێیانی بۆ پیرۆزبایی لێی کۆبوونەوە.
 
ساڵح قادر 28 ساڵە بە عەرەبانەکەی خورما، سەوزە و میوە دەفرۆشێت و دەڵێت، "لە داهاتووشدا پشتیوان بە خودا تاوەکو زانکۆش تەواو دەکات پشتگیریی تەواوی دەکەین، هەرچی پێویست بێت بۆی دابین دەکەین، نوخشە بێت لە هەموو منداڵانی کوردستان، پشتیوان بە خودا دەبێتە پزیشکێکی دواڕۆژ بۆ خزمەتی ئەو گەل و نیشتمانە."
 
سروە قوتابیی ئامادەیی هەولێری کچان بوو، کە ئامادەییەکی حکومییە.