خوێندکارێکی کورد لە پۆڵەندا دکتۆرا لەسەر لافاوی هەولێر بەدەستدەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ

ئەندام خوێندکارێکی خەڵکی هەولێرە و لە پۆڵەندا دکتۆرای بە پلەی نایاب لەبارەی هۆکارەکانی دروستبوونی لافاو لە هەولێر بەدەستهێناوە. ئەو ئەندازیارە و دەڵێت، لە ماوەی خوێندنەکەیدا توێژینەوەی لەسەر لافاوی هەولێر لە گۆڤارە جیهانییەکان بڵاوکردووەتەوە. 
 
رۆژی دووشەممە، 3ـی تەممووزی 2023 ئەو خوێندکارە کوردە بڕوانامەی دکتۆرای لە زانکۆی تەکنەلۆژیی گدانسک لە باکووری پۆڵەندا پێ بەخشرا کە دەستپێکی خوێندنەکەی لە ساڵی 2018ـەوە بوو. بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هۆکاری ئەوەی خوێندنەکەی ماوەی پێنج ساڵی خایاندووە، نەبوونی داتای تەواو بووە لە هەولێر و هەرێمی کوردستان. 
 
ئەو داتایانەی بۆ توێژینەوەکەی پێویستی بوون و بەردەستنەبوون، وەکو ئەندام باسی کرد، داتای بارانبارین، داتای رووپۆشی خاک و داتای تایبەت بە مۆدێلکردنی لافاو بوون کە بۆ توێژینەوەکەی سەرەکی بوون و نەدەکرا کەموکوڕییان تێدا هەبێت.
 
لە بەشێکی توێژینەوەکانیدا لەسەر لافاوی هەولێر، ئەندام هەواڵ و راپۆرتەکانی رووداوی وەکو سەرچاوە بەکارهێناوە. 

 

 
نامەی دکتۆراکەی ئەندام بە ناونیشانی "ناسینەوە و هەڵسەنگاندنی مەترسیی لافاوی شارەکان بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی جیۆفەزایی و مۆدێلکردنی هایدرۆداینامیکی؛ توێژینەوە لە کەیسی شاری هەولێر، هەرێمی کوردستانی عێراق." 
 
ئەندام موحسین مستەفا ئەندازیارە لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و زیاتر لە 10 ساڵە کار و توێژینەوە لە بواری لافاودا دەکات؛ دەڵێت، "لە ساڵانی 30ـەکانی سەدەی رابردووەوە هەولێر گرفتی لافاوی هەبووە و تۆمارکراوە. لە 10 ساڵی رابردووش لافاو لە هەولێر زیاد بووە و هۆکارێکی سەرەکی فراوانبوونی شارەکە و گۆڕانی رووپۆشی خاکەکەیەتی."
 
لە ساڵی 2018 لافاو لە هەولێر دروستبوو و بەهۆیەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا. لە کۆتاییەکانی ساڵی 2021 و سەرەتای ساڵی 2022ش لافاوی بەهێز هەولێری گرتەوە و بەهۆیەوە 11 کەس گیانیان لەدەستدا کە ژن و منداڵیشیان تێدابوو، جگە لەوەی زیان بە سەدان ماڵ و هەزاران ئۆتۆمبێل کەوت. لە ساڵی 2023ش حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکاری زیاتری بۆ رێگری لە لافاو گرتەبەر و بەراورد بەو دوو ساڵە زیانەکانی لافاو کەمتر بوون. 
 
ئەندام دەڵێت، لە رێگەی توێژینەوەکانییەوە هاوکاریی دەزگاکانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات تاوەکو رێکاری زیاتر بگرنەبەر بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی.