بەڕێوەبەرایەتیی ئەزموونەکان: قوتابییان شەش رۆژ کاتیان هەیە تانە لە ئەنجامی تاقیکردنەوە بدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، ئەو قوتابییانەی ناڕازین لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان، تاوەکو رۆژی 10ی تەممووز کاتیان هەیە بۆئەوەی تانە لە ئەنجامەکان بدەن، دەتوانن لە ماڵپەڕی وەزارەتی پەروەردە ئەو وەڵامانە ببینن کە لەکاتی تاقیکردنەوەکاندا داویانەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 4ی تەممووزی 2023 نوورەدین عوسمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی نیڤڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات و رایگەیاند، "قوتابییان شەش رۆژیان مۆڵەت هەیە بۆئەوەی تانە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانیان بدەن؛ بۆ ئەمەش دەبێت لە قوتابخانەکەیان فۆڕمی تایبەت وەربگرن و پڕیبکەنەوە."
 
ئەمساڵ زیاتر لە 117 هەزار قوتابیی پۆلی 12 بەشداریی تاقیکردنەوەکانیان کرد و رۆژی دووشەممە 3ی تەممووز وەزارەتی پەروەردە لە رێگەی لینکێکەوە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی راگەیاند.
 
نوورەدین عوسمان دەڵێت، "هەر لەو لینکەوە خزمەتگوزارییەک بۆ قوتابییان دەستەبەر کراوە، بۆئەوەی بتوانن ئەو وەڵامانە ببینن کە لە تاقیکردنەوەکەدا داویانەتەوە و لە بەرامبەریشدا وەڵامە راستەکان دانراون بۆئەوەی قوتابی بتوانێت بەراوردی وەڵامەکانی خۆی پێ بکات."
 
بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "قوتابی دەتوانێت لە رێگەی کۆدی تایبەتی خۆی وەڵامەکانی لەسەر ماڵپەڕەکە ببینێت و ئەوەش وا دەکات هیچ گومانێکی نەمێنێت لەوەی کە بچووکترین ستەمی لێکراوە."
 
بە گوتەی نوورەدین عوسمان، "هەر قوتابییەک هەستی کرد ستەمی لێ کراوە، شەش رۆژ مۆڵەتی لەبەردەمدایە بۆئەوەی تانە لە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی بدات، دواتر لە ماوەی کەمتر لە سێ رۆژدا لیژنەکانمان بە تانەکەیدا دەچنەوە و مافەکانی بۆ دەگەڕێننەوە، ئەگەر ستەمی لێ کرابوو."