پۆلیسی کەرکووک دایک و کچێک لە هەوڵێکی خۆکوشتن رزگار دەکات

 
‎رووداو ـ کەرکووک

‎ئێوارەی رۆژی دووشەممە4ی تەممووز، پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک، دایک و کچێکی رزگارکرد کە دایکەکە بەنیازبوو لەگەڵ کچەکەی لەسەر پردێکی پەڕینەوە لە گەڕەکی شۆڕیجەی شاری کەرکووک خۆیان فڕێ بدەنە خوارەوە.
 
‎موقەدەم عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دایکەکە کێشەی خێزانیی هەبووە و تووندوتیژی بەرامبەر کراوە. دۆخی دارایی خێزانەکەش خراپ بووە، بۆیە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو، لەو کاتەدا مەفرەزەکانی ئێمە گەیشتنە شوێنەکە و توانییان هەردووکیان رزگار بکەن."
 
ئەو کچ و دایکە کوردن و دانیشتووی یەکێک لە گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری کەرکووکن، دایکەکە ناوی "ش. حـ"ـە و کچەکەش ناوی "ج. ئـ"ـە و تەمەنی هەشت ساڵە.
 
‎عامر نووری ئاماژەی بەوەش دا، دایک و کچەکە رادەستی بەشی خێزان و منداڵ کراون و گوێ بۆ کێشەکەیان گیراوە، لە هەوڵدان کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن.