پێنج راگیراوی بادینان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و سێ کۆنسوڵخانە دادگایی دەکرێن

04-07-2021
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سبەی دووشەممە لە دادگەی تاوانی دووی هەولێر، دادگاییکردنی پێنج لە چالاکوانانی بادینان بەتومەتی سیخوڕیکردن و هەوڵدان بۆ بوون بە بەکرێگرتەی وڵاتان و کارکردن بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی راگیراوان دەڵێت، نوێنەرانی سێ کۆنسوڵخانە و نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو رێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادەی دادگاییکردنەکە دەبن.
 
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست لە کاروباری دادگەکان وەرنادات و تێکەڵی کاری دادگە نابێت. مەبەستمانە دادگە کاری خۆی بکات".
 
تۆمەتەکان چین و راگیراوان کێن؟
 
بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەرانی راگیراوان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دادگاییکردنەکە کاژێر 09:00ی بەیانی بۆ پێنج کەسی دیکە لە راگیراوانی بادینان بەڕێوەدەچێت. ئەوان بە ماددەی یەکی یاسای ژمارە 21 دادگایی دەکرێن کە هەمان ماددەی یاسایی و هەمان یاسای ئەو پێنج کەسەی دیکەی بادینانە کە سزای شەش ساڵ زیندانییان بۆ دەرچوو."
 
لەبارەی تۆمەتەکانیشەوە، بەشدار حەسەن گوتی، "تۆمەتەکانیان بریتین لەوەی بەنیازبوون ببنە کرێگرتەی ئەمریکا و بەریتانیا و ویستوویانە هێزێک بۆ پشتیوانی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دروستبکەن. هەروەها یەکێک لە تۆمەتەکان ئەوەیە پێشتر سەر بە هێزی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بوون کە پێشتر بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق سەرۆکایەتی دەکرد کە ناویشی تێداهاتووە؛ هەروەها تۆمەتێکی دیکە ئەوەیە بەنیازی خۆپێشاندان لە دهۆک و شار و شارۆچکەکانی ئەو پارێزگایە بوون بۆ کاری تێکدرانە."
 
ئەو راگیراوانەی سبەینێ داداگایی دەکرێن بریتین لە: عامر خالید عەگید، فرسەت ئەحمەد سەعید، جەمال خەلیل مەجید، سلێمان کەمال سلێمان، سلێمان موسی ئەحمەد. بەشدار حەسەن دەڵێت، سەرجەمییان چالاکڤانی کۆمەڵگەی مەدەنین و هەندێکیان پیشەیان مامۆستایە.
 
بەپێی سەرۆکی تیمی پارێزەرانی راگیراوان، بەپێی دۆسییەکە ئەو کەسەی ئاسایش بۆ تۆمەتبارکردنی راگیراوان پشتی پێبەستووە هەواڵدەری نهێنی و شاهێدیشە و بەپێی یاسا ناکرێت ئەو دوو کەسە هەمان کەس بێت، بەڵام لەم دۆسییەیەدا کراوە و کەسێکە دوو رۆڵی پێدراوە.
 
بەشدار حەسەن بە رووداوی گوت، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو چالاکڤانانە قایلکەر نین و هیچ بەڵگەیەک بۆ ئەو تۆمەتانە نییە و شاهێدەکەش یەک کەسە و هەرخۆشی هەواڵدەرەکەیە.
 
نەتەوە یەکگرتووەکان و سێ کۆنسوڵخانە و دوو رێکخراوی نێودەوڵەتی ئامادەی دادگاییکردنەکە دەبن 
ئەو دادگاییکردنەی بڕیارە سبەینێ دووشەممە بۆ راگیراوانی بادینان لە هەولێر بەڕێوەبچێت بێ ئامادەبوونی کەسوکاری خۆیان دەبێت کە لە دەرەوەی هۆڵی دادگاییکردنەکە دەبن، ئەوەش بۆ "رێگەگرتن لە دروستبوونی گرژی لەنێوان ئەوان و تیمی دادگە یان هێزەکانی ئاسایش"، وەک بەشدار حەسەن دەڵێت.
 
بە گوتەی سەرۆکی تیمی پارێزەرانی راگیراوان، سبەینێ نوێنەرانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی)، کۆنسوڵخانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا ئامادەی دادگاییکردنەکە دەبن، لەگەڵ رێکخراوەکانی CPT و CPJ  کە ئەمەی دوایینیان رێکخراوێکی نیودەوڵەتیی بەرگریکارە لە رۆژنامەڤانان.
 
لەگەڵ تۆمەتباران و ئەوانەی ناو هێنران، شەش لە تیمی پارێزەرانی ئەو راگیراوانەش ئامادە دەبن.
 
ئەو راگیراوانەی سبەینێ دادگایی دەکرێن، زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر راگرتنیاندا تێدەپەڕێت، ئەوان بەپێی قسەی پارێزەرەکەیان لە مانگەکانی ئەیلوول و ئۆکتۆبەری ساڵی 2020ەوە دەستگیرکراون.
 
ئەو یاسایەی ئەو راگیراوانەی پێ دادگاییدەکرێت یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003ی پەرلەمانی کوردستانە و ماددەی یەکی کە لەدادگاییکردنەکە سبەینێ رووبەڕووی ئەم راگیراوانە دەکرێتەوە دەڵێت "هەرکەسێ بەدەستی ئەنقەست و بەهەر شێوەیەک بێ لەکارێکدا تێوەگلێ بەمەبەستی زیاندان لە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان/ عێراق و ببێتەهۆی کەوتنەوەی ئەو زیانە، بەبەندکردنی هەتاهەتا یان بەندکردنی کاتی سزادەدرێت".
 
ئەم مانگە سێ دادگاییکردن بۆ سێ گرووپی راگیراوانی بادینان بەڕێوەدەچێت
 
بەشدار حەسەن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 12ی مانگی تەمموزی 2021، "چوار کەسی دیکە لە چالاکڤانانی بادینان دادگایی دەکرێن کە هەمان تۆمەت و بە هەمان ماددەی یاسای ئەو کەسانە دادگاییدەکرێن کە سبەینێ دووشەممە دادگایی دەکرێن، ئەویش ماددە یەکی یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003یە".
 
ئەو راگیراوانەش بریتین لە "مەسعود حەلی حاجی، ناسراو بە مەسعود شنگالی، شێروان تەها ئەمین، کارگەر عەباس عەلی، بەندەوار ئەیوب رەشید،" بە گوتەی بەشدار حەسەن، ئەوانیش هەموویان چالاکڤانن و ئەو کەسەشی هەواڵی لەسەرداون ئەو کەسەیە کە لەسەر گرووپەکەی سبەینێ هەواڵی داوە.
 
سەرۆکی تیمی پارێزەرانی راگیراوانی بادینان گوتیشی، رۆژی 29ـی ئەم مانگەش دادگاییکردنی هەردوو چالاکوانی بادینان، بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشکی بەڕێوەدەچێت؛ ئەمەی دوایی مانگی رابردوو لە دهۆک بەساڵێک بەندکردن بەپێی یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و هەوڵدان بۆ خۆپێشاندان و هاندانی خەڵک سزادرا.
بەشدار حەسەن ئەوەی گوت کە تۆمەتەکانی سەر ئەو دوو راگیراوەی دوایی بادینان سووکترە و جیاوازە لە تۆمەتەکانی سەر ئەوانی دیکە.
 
کەسوکاری راگیراوان داواکارییان چییە؟
 
ئەمڕۆ کەسوکاری نۆ راگیراو بادینان راگەیێندراوێکیان بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و داوای پشتیوانی لەخەڵک دەکەن و داوای ئەوە دەکەن خەڵک هاوشانییان ئامادەبن و چاودێری بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکە ببن و بەتەنیا بەجێیان نە‌هێڵن، چونکە وەک هاتووە، " کەسوکارمان لەسەر داوای مافی گشتی دەستگیرکراون."
 
مەجید خەلیل، برای راگیراو جەمال خەلیل، یەکێک لەو راگیراوانەی سبەینێ دادگایی دەکرێن لە رێگەی تەلەفۆنەوە و لە زاخۆوە بە رووداوی گوت، براکەی ئەوەندە کەسێکی سەرڕاستە هەموو زاخۆ دەیناسن.
 
مەجید خەلیل گوتیشی، "چاوەڕوانی ئەوەین سبەینێ دادپەروەری بچەسپێت، چونکە براکەم هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە و ئەگەر تاوانبار بووایە بەپێی خۆی نەدەچوو بۆ ئاسایش."
 
براکەی ئەو راگیراوە داوای ئەوەشیکرد کە ئەگەر بەڵگەی تەواو لەسەر براکەی هەبێت با سزا بدرێت، بەڵام گوتی، " ئێمە زۆر دڵنیاین لە بێتاوانیی براکەمان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان

دلێر عەبدولخالق: لەگەڵ چەند لایەنێک دانوستانمان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کرد، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو

رێکخەری ژووری رۆژنامەڤانیی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پاشەکشەیەی لە دەنگی بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبووە، لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی لە هەوڵدان بۆ کاری پێکەوەیی و ئەگەر بگەنە رێککەوتن، گۆڕانکاری لە سەرۆکی لیست و بەربژێرانی بزووتنەوەکەدا دەکرێت