شێخ محەممەدی کەسنەزانی لە ئەمریکا کۆچی دواییکرد


رووداو دیجیتاڵ

شێخ محەممەدی شێخ عەبدولکەریم کەسنەزانی رێبەری تەریقەتی قادری لە تەمەنی 82 ساڵیدا لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.

لە سەرەتای مانگی شووباتی ئەمساڵ باری تەندروستیی شێخ محەممەد تێکچووە و رەوانەی نەخۆشخانەکانی ئەمریکا کراوە. کاژێر 08:30ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 4ی تەمووزی 2020 لە نەخۆشخانەیەکی ئەمریکا کۆچی دوایی کردووە.

شێخ سامان مارف بەرزنجی، یەکێک لە نزیکەکانی شێخ محەممەد کەسنەزانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕوانی گەڕانەوەی تەرمەکەی دەکەن کە شێخ نەهرۆی کوڕە گەورەی لەگەڵیەتی و بڕیارە بە فڕۆکەیەکی تایبەت بیگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان.

شێخ سامان مارف بەرزنجی لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە رایگەیاند، "هەرچەندە ناتوانین رێگە لە هاتنی خەڵک بگرین"، بەڵام پرسەی فەرمیی بۆ دانانرێت، چونکە نایانەوێت هیچ کەسێک بەهۆی پرسەکەیەوە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت.

سەبارەت بە دیاریکردنی شوێنگرەوەی شێخ محەممەد کەسنەزانی، شێخ سامان مارف بەرزنجی بە رووداوی گوت، 25 ساڵ لەمەوبەر شێخ محەممەد خۆی شێخ نەهرۆی کوڕە گەورەی بە وەکیل و شوێنگرەوەی خۆی دەستنیشانکردووە. "بۆیە ئەو دەبێتە رێبەری تەریقەتی قادریی کەسنەزانی".

بە گوتەی شێخ سامان مارف بەرزنجی، گیانلەدەستدانی شێخ محەممەد بەهۆی کۆرۆناوە نەبووە و بەهۆی لاوازیی دڵیەوە بووە، گوتیشی، "شێخ محەممەد پرسیویەتی، ئەگەر کەسێک لە وڵاتی غەریبیدا بمرێت پلەی شەهادەت بەدەستدەهێنێت؟ ئەمەش دەریدەخات کە پێشبینیی کردووە لە غوربەت کۆچی دوایی دەکات".

تاوەکو ئێستا دیارنییە تەرمی شێخ محەممەد لە کوێ بەخاکدەسپێردرێت، بڕیارە دوای گەڕاندنەوەی تەرمەکەی شوێنی بەخاکسپاردنی دەستنیشان بکرێت.

تەریقەتی قادری، بە گوتەی شێخ سامان مارف بەرزنجی، لە 92 وڵات، لە چینەوە تاوەکو ئەمریکا تەکیەیان هەیە، زۆرترینی موریدەکانیشیان لە هیندستان و ئێرانن.

شێخ محەممەد ساڵی 1938 لە گوندی کربچنەی سەر بە شارۆچکەی سەنگاو لەدایکبووە، لەدوای کۆچی دوایی شێخ عەبدولکەریمی باوکی، بە سەرۆکی تەریقەتی قادری هەڵبژێردراوە.