پۆلیسی سلێمانی دوو هاککەر دەستگیردەکات


رووداو - هەولێر 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، هێزەکانیان دوو هاککەریان دەستگیرکردووە هەژماری فەیسبووکی هاونیشتمانییانیان هاککردووە و لەبەرامبەر گەڕانەوەیدا داوای پارەیان کردووە. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە (4-7-2019) بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند "پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن ژمارەیەک ھاووڵاتیەوە کە فەیسبوکەکانیان لەلایەن کەسانی نەناسراو ھاککراوە و لەبەرامبەر گەڕاندنەوەی داوای بڕە پارەیەک دەکەن، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرچنار لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و توانییان ھاککەرەکە دەستگیربکەن".

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی گوتووە "ھاککەرەکە لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کەسێکی دیکەی لەگەڵدا بووە و ھەردووکیان بەو کارە ھەستاون".

لەئێستادا ھەردوو تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی دوو لەیاسای خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.