رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی دەڵێت، تاوەکو نووسراوی وەزارەتی بازرگانیی عێراقیان پێ نەگات، ناتوانن دەرگای سایلۆکان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بکەنەوە.
نەسرین ئەحمەد عەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە 04-06-2024ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "وەکو بەڕێوەبەرایەتیی سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی، تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمیمان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە پێ نەگەیشتووە؛ بۆیە تاوەکو نووسراوەکەمان پێ نەگات، ناتوانین گەنم لە جووتیاران وەربگرین، چونکە سیدیی ناوی جووتیاران و بڕی گەنمی جووتیاران لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقە و دەبێت بۆمانی رەوانە بکات."
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئەم ساڵ 700 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت. بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی دەڵێت، "پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 282 هەزار و 660 تۆنی بۆ دیاریکراوە، کە دەکاتە 40%ی 700 هەزار تۆنەکە."
لە پارێزگای دهۆک 189 هەزار تۆن وەردەگیرێت کە دەکاتە 27.02%؛ لە پارێزگای هەولێریش 228 هەزار تۆن وەردەگیرێت کە دەکاتە 32.58%ی 700 هەزار تۆنەکە.
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە پێنج سایلۆ هەن کە بریتین لە رانیە، چەمچەڵ، سەیدسادق، کەلار و هەڵەبجە.
لەبارەی نرخی وەرگرتنی هەر تۆنێک گەنم، نەسرین ئەحمەد عەلی گوتی، "هەر تۆنێک گەنم بە 850 هەزار دینار وەردەگیرێت. گەنمی پلە یەک و پلە دوو وەردەگیرێت. پلە یەک بە 850 هەزار دینار؛ پلە دوو پارەکەی کەمترە، بەڵام نرخەکەی نازانین، چونکە تەواوی زانیارییەکان لەنێو ئەو سیدیە کە وەزارەتی بازرگانیی عێراق بۆمان رەوانە دەکات."
بەڕێوەبەری بازرگانیی دانەوێڵەی سلێمانی باسی وەرگرتنی پارەی گەنمی رادەستکراوی کرد و دەڵێت، "پارەکە راستەوخۆ نادرێتە جووتیاران، چونکە بەغدا پارەکە بەسەریەکەوە نانێرێت. دوای رادەستکردنی گەنمەکە و تەواوکردنی رێکارەکان، چەک بۆ جووتیاران دەکرێ و دواتر پارەیان پێ دەدرێت."
نەسرین ئەحمەد عەلی رایگەیاند، بۆ ئەوەی جووتیاران زۆر لە ریزی وەرگرتنی گەنم لەبەردەم سایلۆکان نەمێننەوە و پارەی زیاتریان نەکەوێتەسەر، وەرگرتنی گەنم بەگوێرەی شوێنەکان دەبێ، واتە هەر رۆژەی شوێنێک دیاری دەکرێ بۆ وەرگرتن گەنمەکانیان.
رۆژی سێشەممە، 04ـی خوزەیرانی 2024 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "بەغدا بۆ دیاریکردنی بڕی ئەو گەنمەی وەریدەگرێت داوای جیاکردنەوەی سنووری ناوچەکان و راپۆرتی وردی لێکردین و پێشکێشمان کرد. هەر زانیارییەک بەغدا لەبارەی رووبەری چێندراو داوای کردبێت، پێشکێش کراوە."
بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی بنەمای وەرگرتنی گەنمەوە گوتی: "رەتمانکردەوە 500 هەزار تۆنی ساڵی رابردوو بکرێتە بنەمای وەرگرتنی گەنم".
لەبارەی ئەوەی بەغدا بۆچی رازی نەبووە ملیۆنێک تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، وەزیری کشتوکاڵ گوتی: "بەغدا بە پاساوی ئەوەی بودجەی تەرخانکراو بەشناکات رازی نەبوو". بۆیە "بە ناچاری بە بڕیاری وەرگرتنی 700 هەزار تۆن گەنم رازیبووین."
بۆ هەر دۆنمێک لە پارێزگای هەولێر 263 کیلۆ گەنم وەردەگیرێت؛ لە سلێمانی لە یەک دۆنم 236 کیلۆ گەنم وەردەگیرێت؛ لە دهۆک لە یەک دۆنم 270 کیلۆ گەنم وەردەگیرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ