رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وردبینی لە لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواو بووە و ناردنی مووچەکەیان تەنیا رێکاری کارگێڕی ماوە.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی سێشەممە (04-06-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وردبینی لە لیستی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواو بووە؛ ناردنی مووچەیان تەنیا رێکاری کارگێڕی ماوە".
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەڵێت: "بڕیارە ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان رەوانە بکات بۆ ئەوەی دەستبەجێ دابەشکردنی مووچەیان لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکات".
هێشتا پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی چواریان وەرنەگرتووە؛ هەروەها فەرمانبەران و مووچەخۆرانی دیکەش مووچەی مانگی پێنجیان وەرنەگرتووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆژی سێشەممە لیستی مووچەی مانگی ئایاری رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کردووە.
بەپێی بودجەی پەسندکراوی عێراق بێت کە دوێنێ دووشەممە بە ئامادەبوونی 199 پەرلەمانتار پەسندکرا، مانگانە 965 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆران رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
د. بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، شەوی رابردوو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئەگەر هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی جێبەجێ بکات وەک ئەوەی لە یاسای بودجەدا هاتووە، ئومێد هەیە پێش جەژنی قوربان حکومەتی عێراق مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دوو مووچەی هێزە ئەمنییەکان خەرج بکات".
بودجەى عێراق بۆ 2024 زیاتر لە 211 تریلیۆن دینارە؛ لەو بڕە پارەیە 20.9 تریلیۆن دینارى پشکى هەرێمى کوردستانە کە 11 ترلیۆن و 500 ملیار دینارى بۆ مووچەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ