دارستان و پاوان: ئاگرکردنەوە و نێرگەلەکێشان لە ئەزمەڕ و گۆیژە قەدەخەیە

رووداو دیجیتاڵ 

لێپرسراوی پرۆژەی دارستانی ئەزمەڕ دەڵێت، ئاگرکردنەوە لە ئەزمەڕ، گۆیژە و نزیک دارستانەکان قەدەخەیە؛ باس لەوەش دەکات: "نزیکەی 17 هەزار دار لە گۆیژە و ئەزمەڕ گرفتی ئاودانیان هەیە".
 
رزگار ساڵح، لێپرسراوی پڕۆژەی دارستانی ئەزمەڕ مێوانی پۆدکاستی (بە کاتی سلێمانی) تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە هەفتانە ئاسۆ سەراوی لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات.
 
رزگار ساڵح رایگەیاند: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی 21 دارستانی دەستکرد هەن. ئەم ساڵ بۆ هەموویان هێڵی ئاگربڕ دروستکراوە، ئەوەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە".
 
بە گوتەی رزگار ساڵح، بەهۆی ئەوەی ئەم ساڵ بارانبارین زۆربوو، لەوەڕگە، پووش و پاوانیش زۆرە و هەربۆیە مەترسی ئاگرکەوتنەوە زیاترە؛ لەبەرئەوە هەوڵیانداوە لە دارستانە سرووشتییەکانیش هێڵی ئاگربڕ دروستبکەن.
 
دارستانی دەستکردی ئەزمەڕ لە سلێمانی رووبەرەکەی 4500 دۆنمە و زیاتر لە 400 هەزار داری تێدایە. ساڵی 2019 بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە زیاتر لە 117 دۆنم دارستان سووتا کە نزیکەی 10 هەزار دار لەنێوچوون.
 
لێپرسراوی دارستانەکە دەڵێت، لەساڵی 2020ـەوە چوار کۆمپانیای نێوخۆیی دەستیان بە سەوزکردنی ئەزمەڕ کردووە و هەریەکەیان 200 دۆنم زەوی پێدراوە بۆ ئەوەی دارستانی دەستکرد دروستبکەن.
 
لەبارەی دابینکردنی ئاو بۆ دارەکان، رزگار ساڵح گوتی: "لە پڕۆژەی دارستانی گۆیژە و ئەزمەڕدا نزیکەی 17 هەزار داری یەک ساڵە و دوو ساڵەمان هەیە و کێشەی ئاودانیان هەیە."
 
رزگار ساڵح گوتیشی، زۆرترین ئاگرکەوتنەوە لە دارستانە سرووشتییەکان لە ناوچە سنوورییەکانە و بەشی زۆری بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە دەکەوێتەوە.
 
بە گوتەی لێپرسراوی دارستانی ئەزمەڕ، بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئاگرکەوتنەوە، لەنزیک دارستانە سرووشتی و دەستکردەکان کردنەوەی ئاگر قەدەخەکراوە؛ هەروەها لە گۆیژە و ئەزمەڕیش ئاگرکردنەوە قەدەخەیە.
 
رزگار ساڵح دەشڵێت، یەکێک لەو هۆکارانەی دەبێتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر فڕێدانی خەڵووزی نێرگەلەیە؛ بۆیە نێرگەلەکێشان لە ئەزمەڕ و گۆیژە قەدەخەیە و چەند کۆشك و شوێنێک دیاریکراون بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت نێرگەلە بکێشن.