لە سنە 51 کەس لە دوو مانگدا بە قارچک ژەهراوی بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی تەندروستیی پارێزگای سنە دەڵێت، لە دوو مانگدا 51 کەس لەو پارێزگایە بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون و زۆرترینیان لە شاری بیجار بووە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 4ی حوزەیرانی 2024، د. جەهانبەخش یوسفی، بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە نەخۆشی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستانی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردوودا (21-03-2024 تاوەکو 21-05-2024) لە سنووری ئەو پارێزگایە 51 کەس بەهۆی خواردنی قارچکەوە ژەهراوی بوون.
 
جەهانبەخش یوسفی گوتی، زیاترین ژەهراویبوون لە شاری بیجار بووە و لەو ماوەیەدا 23 کەس بەهۆی خواردنی قارچکی کێوییەوە ژەهراوی بوون و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.
 
گوتیشی، نزیکەی 100 جۆر قارچکی ژەهراوی هەن، کە لە جۆری هەرە ژەهراوییەکەدا، لەنێوان 30 خولەک بۆ دوو کاژێر دوای خواردنی، لە جۆری کەم ژەهراوییەکەشیدا لەنێوان شەش بۆ 24 کاژێر دوای خواردنی کاریگەرییەکانی دەردەکەوێت.
 
ئاماژەشی بەوە کرد کە سکچوون، رشانەوە، سکئێشە، تا، زیادبوونی لێدانی دڵ و وشکبوونەوەی دەم، هەروەها سەرئێشە، سەرگێژخواردن، تەڵخبینی، زەردبوونی چاو، گرژبوون و تەنانەت کەمبوونەوەی ئاستی هۆشیاری لە نیشانەکانی ژەهراویبوونن بە قارچک.
 
بەڕێوەبەری خۆپاراستن لە نەخۆشی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستانی پارێزگای سنە دەشڵێت، هەر کەسێک نیشانەکانی ژەهراویبوونی بە قارچک هەبێت، پێویستە بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکات، "ئەگەر لەکاتی خۆیدا چارەسەر نەکرێت، زیان بە گورچیلە و جگەر دەگەیێنێت و تەنانەت دەبێتە هۆی مردنیش."