رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شەوی 2-6-2024، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگیان لە پارێزگای وان دەستبەسەرکرد و رۆژی دووشەممەش پۆلیسی جۆلەمێرگ هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی شارەوانی و پشکنیان، خەڵک لەبەردەم باڵەخانەی شارەوانیی جۆلەمێرگ گردبوونەوە.
پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بڕیاریدا شاندێک بنێرێتە جۆلەمێرگ و لە نزیکەوە چاودێریی رووداوەکە و دۆسیەی سەرۆکی شارەوانی بکات.
هەروەها ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاندووە، رەتیدەکەنەوە لەسەر دۆسیەیەک کە 10 ساڵ پێش ئێستا دەستیپێکردووە و بەردەوامە، قەییووم بۆ سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ دابنرێت.
سەرۆکی جەهەپە لە پەیامەکەیدا هەروەها باس لەوە دەکات کە تازە دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، بەڵام ویستی خەڵک پێشێل دەکرێت و قەییووم دادەنرێت.
ئۆزگور ئۆزەل داوایکردووە چی زووە حکومەت لەم هەنگاوەی پاشگەزببێتەوە، دژایەتیی خۆشی بۆ سیاسەتی قەییووم نیشانداوە.
سەزگین تانریکوڵو: قەییووم کودەتایە بۆ سەر ویستی خەڵک
لەوکاتەی سەردانی گرتووخانەی سلیڤرێی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک سیاسەتڤان و چالاکڤان کۆبووەوە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 3-6-2024 سەزگین تانریکوڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە باسی لە قەییوومکردنی سەرۆک شارەوانییەکەی دەم پارتی لە جۆلەمێرگ کرد.
تانروکوڵو رایگەیاند کە ئەگەر ئەو سەرۆک شارەوانییە بڕیاری دادگە لەبارەیەوە درابێت و سزا درابێت، ئەوکات ئەنجوومەنی شارەوانی هەڵبژاردن دەکات و سەرۆکێکی نوێ بۆ شارەوانییەکە هەڵدەبژێردرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە هەنگاوی ئێستای حکومەتی تورکیا بە پێشێلکاری وەسفکرد و گوتی "من، تازە دوای سەردانیم بۆ گرتووخانە هەواڵی قەییوومکردنی سەرۆکشارەوانیی هەکاری (جۆلمێرگ)ـم بیست. دانانی قەییووم، زەوتکردنی ویستی خەڵکە. هەوڵی کودەتایە بۆ سەر ویستی خەڵک. ئەمە رێگەیەکە لە 2016ـەوە تاقی دەکرێتەوە و ئەنجامی نەبووە. پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، بەداخەوە درێژە بەو رێگەیە دەدات کە پێشێلی تەواوی یاساکان و رێسا دیموکراسییەکان دەکات."
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە هەروەها جەختیکردەوە، پارتەکەی هەموو جارێک لە پەرلەمان هەڵوێستی هەبووە و دژایەتیی خۆی بەرامبەر دانانی قەییووم نیشانداوە. داوای لە ئاکپارتی کرد واز لەو هەڵمەتە بهێنێت و گوتی "وا پێدەچێت لەسەر ئەمە بەردەوام بێت. تەنیا دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە. نابێت سەرۆکشارەوانییەک کە هێشتا پرۆسەی دادگەییکردنی بەردەوامە و هیچ بڕیارێکی دادگەی لەبارەوە نەدراوە، لە سەر ئەرکەکەی لابدرێت. ناشبێت پارێزگار لە شوێنەکەی بە قەییووم دابنرێت."
ئەحمەد تورک: دەسەڵات چاڵ بۆ خۆی هەڵدەکەنێت
یەکێکی دیکە لەو بەرپرسانەی دەم پارتی، ئەحمەد تورک، سەرۆکی گەورەشارەوانیی مێردین بوو کە رەخنەی تووندی لە دەسەڵات گرت. ئەحمەد تورک رایگەیاند، دەسەڵات تا زیاتر هێز لەدەست دەدات، زیاتر هانا بۆ قەییووم دەبات.
سەبارەت بەوەی؛ ئایا چاوەڕێی دانانی قەییوومی کردووە یان نا، ئەحمەد تورک گوتی "لە وڵاتێکدا کە ماف و دیموکراسی نەبێت، چاوەڕێی هەموو شتێک دەکرێت، بەڵام ئەمە چەندەمین جارە؟ من، نازانم دەیانەوێت بەم تێگەیشتنەیانەوە تورکیا بەرەو کوێ ببەن."
دوای ئەوەی ئاماژەی بە لاوازبوونی ئاکپارتی و مەهەپە دا، ئەحمەد تورک گوتی "دەسەڵات تا هێزی زیاتر لەدەست دەدات، زیاتر هانا بۆ قەییووم دەبات. دەسەڵاتێک هەیە کە هەوڵدەدات لەسەرپێ بووەستێت. ئەوان بەم هەڵسوکەوتانەیان، چاڵ بۆ خۆیان لێدەدەن."
لە جۆلەمێرگ هەموو جۆرە چالاکییەک بۆ 10 رۆژ قەدەخەکرا
دوای کاردانەوەکان، پارێزگاری جۆلەمێرگ لە راگەیێندراوێکدا قەدەخەی هەموو جۆرە چالاکییەکی وەک خۆپیشاندان، رێپێوان، لێدوانی رۆژنامەڤانی، گردبوونهوه و خێوهتههڵدان بۆ ماوەی 10 رۆژ راگەیاند.
لە راگەیێندراوەکاندا هاتووە "لە پێناو یەکڕیزیی گەل، یەکپارچەیی وڵات، پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی، رێگریی لە تاوان، پاراستنی تەندروستیی گشتی و رێگری لە تووندوتیژی" کۆمەڵێک رێوشوێنی گرتووەتەبەر.
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، لە کاژێر 00:00ـی رۆژی 3ـی حوزەیران تاوەکو کاژێر 23:59ـی رۆژی 13ـی حوزەیرانی 2024 بۆ ماوەی 10 رۆژ، بەدەر لەو چالاکییانەی لەلایەن پارێزگا و قایمقامییەتەکانەوە مۆڵەتیان پێدەدرێت، هەموو جۆرە گردبوونەوە و چالاکییەک قەدەخەکراوە.
دەم پارتی جەماوەری بانگهێشتی بەردەم شارەوانییەکانی کرد
دەم پارتی گوێی بە راگەیێندراوەکەی پارێزگاری جۆلەمێرگ نەدا و ''ئێشکگریی دیموکراسی'' لەبەردەم شارەوانییەکانی راگەیاند.
لە دوای بڕیارەکە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کۆبوونەوەیەکی نائاسایی سازکرد.
لە دوای کۆبوونەوەکە گوڵستان کۆچیغیت کڵچ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "خەڵکی هەکاری ئەو کەسەیان هەڵبژاردووە کە نوێنەرایەتییان دەکات. هەروەها رایانگەیاندووە، دەیانەوێت ماوەی 5 ساڵی داهاتوو لەگەڵ ئەو کەسەدا رێ بکەن. ئەوان لەڕێی سندووقەکانی هەڵبژاردنەوە ئەمەیان نیشاندا."
کڵچ داوای لە رای گشتی کرد، کاردانەوەیان بەرامبەر ئەو بابەتە هەبێت و ناڕەزایی لە دژی بە قەییوومکردنی سەرۆکی شارەوانی نیشان بدەن. هەروەها گوتی "دەمەوێت رایبگەیەنم؛ لەبەردەم هەموو شارەوانییەکانماندا ئێشکگری بۆ داکۆکیکردن لە دیموکراسی، دەنگی خەڵک و شارەوانییەکانمان دەستپێدەکەین. جەماوەرمان، فراکسیۆنە دیموکراسییەکان و خاوەن ویژدانەکان بانگهێشت دەکەین."
لە چەند شوێنێکدا گرژی دروستبوو
پەیامەکەی دەم پارتی لە ماوەیەکی کورتدا هەزاران کەسی لە شار و شارۆچکە جیاوازەکاندا کۆکردەوە. لە هەندێک شوێندا پۆلیس رێگریی لە جەماوەر و بەرپرسانی دەم پارتی کرد.
ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی دەم پارتی گەیشتنە پارێزگای جۆلەمێرگ. سەرەتا لە چەند شوێنێکدا گرژی دروستبوو. دواتر بەرپرسانی دەم پارتی بەربەستی پۆلیسیان تێپەڕاند و گوتەیان پێشکێش کرد.
روشتو تریاکیلی، پەرلەمانتاری دەم پارتی رایگەیاند بە هیچ شێوەیەک رژێمی قەییووم قبووڵ ناکەن و تا دوایین سات لە تێکۆشان، بەردەوام دەبن.
هەروەها گوتی "دەزانین جەماوەر لەگەڵ ئێمەیە. سەیری ئەم دۆخە مەکەن کە هەزاران پۆلیس بە بڕیاری پارێزگار رژاونەتە سەر شەقامەکان. خەڵک پشتیوانی لە ئێمە دەکات. ئێمە هەر سێ کورسیی پەرلەمانیی ئەم شارەمان بردووەتەوە. سەرەڕای هەموو فێڵەکانیان، بە جیاوازییەکی زۆر سەرۆکی شارەوانیمان بردەوە. ویستی خەڵکی ئەم شارە روونە. ئەم خەڵکە دەیەوێت سەرۆک سدیق وەکو سەرۆکی شارەوانی ببینێت، نەوەک پارێزگار یان وەزیری نێوخۆ."
رێپێوانەکەی دەم پارتی تاوەکو درەنگی شەو بەردەوام بوو و بەرپرسانی دەم پارتی دووپاتیانکردەوە کە بەردەوام دەبن لە رێپێوان و ئێشکگری بۆ سەندنەوەی مافەکانیان.
حکومەتی تورکیا لە دوای قەدەخەی پارێزگای جۆلەمێرگ، لە پارێزگاکانی ئامەد، وان، بەدلیس، سێرت و ئێلهیش قەدەخەی چالاکیی راگەیاند.
رۆژی 31-3-2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو. محەممەد سدیق ئاکش بەربژێری دەم پارتی لە جۆلەمێرگ 48.91٪، عیسمەت ئۆلمەزی بەربژێری ئاکپارتی 46.57٪ و جونەیت ئۆزبەکی بەربژێری جەهەپە 1.42٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
محەممەد سدیق ئاکش کێیە؟
ساڵی 1970 لە شارۆچکەی چەلێ لە پارێزگای جۆلەمێرگ لەدایکبووە
خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی لە جۆلەمێرگ تەواوکردووە
2008-2012 سەرۆکی رێکخستنەکانی پارتەکانی دەبەپە و هەدەپە لە جۆلەمێرگ بووە
2024 بە سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگ لەسەر پشکی دەم پارتی هەڵبژێردرا
خێزاندارە و باوکی 4 منداڵە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ