سزای لەسێدارەدان بۆ بەشێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەی عەقید هاوکار جاف دەرچوو

04-06-2023
هێمن بابان رەحیم
 رۆژی 7-10-2022 لە هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلی هاوکار جافدا تەقینەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا
رۆژی 7-10-2022 لە هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلی هاوکار جافدا تەقینەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا
نیشانەکردن هاوکار جاف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بنەماڵەی عەقید هاوکار جاف رایگەیاند، ئەمڕۆ لە دادگەی تاوانی هەولێر بڕیاری لەسێدارەدان بۆ شەش کەس لەوانە دەرچوو، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی عەقید هاوکار جاف لە شاری هەولێر. برایەکی عەقید هاوکار جاف رایگەیاند "رۆژی هەشتی ئەم مانگە دادگە بڕیار لەبارەی چارەنووسی ئەوانەی دیکەش دەدات، کە لە کەیسەکەدا تێوەگلاون و تۆمەتبارن."
 
محەممەد جاف، برای عەقید هاوکار جاف، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 4-6-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ لەسەر بڕیاری دادگەی تاوانی هەولێر، کەیسی عەقید هاوکار جاف حوکمی غیابیی لەسێدارەدانی بۆ شەش کەس دەرکرد و، بڕیارە هەشتی ئەم مانگەش ئەوانەی دیکە سزا بدرێن کە لە کەیسەکەیدا تێوەگلاون."
 
محەممەد جاف ئاشکرای کرد "ئەوانەی ئەمڕۆ بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە ئەوانەن کە جێبەجیکاری راستەوخۆی پلانی کوشتنەکەن و ئەوانەی ماون، ئەوانەن کە چاودێری و بەدواداچوونیان کردووە و لەداهاتوودا بڕیاریان بۆ دەردەچێت."
 
بەپێی گوتەی بنەماڵەی هاوکار جاف، ئەو کەسانەی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، پێکدێن لە: 

 

وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆری سلێمانی
کارزان محەممەد رەشید، بەرپرسی هەواڵگریی دژەتیرۆری سلێمانی
وریا خالید عەلی، ئەفسەر 
لەشکر محەممەد حەسەن، ئەفسەر
عاسی رەشید حوسێن، ئەفسەر
لوئەی محەممەد رەزا، فەرماندەی فەوجی دژەتیرۆری سلێمانی لە گەرمیان
 
نیوەڕۆی رۆژی هەینی 7-10-2022 لە گەڕەکی سەربەستیی شاری هەولێر، دوو بۆمب بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقینەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار عەبدوڵڵا، ناسراو بە هاوکار جاف گیانی لەدەستدا. 
 
رۆژی چوارشەممە 12-10-2022 ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڤیدیۆیەکدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە کوشتنی هاوکار جاف، ئەفسەری پێشووی دژەتیرۆری یەکێتی. ئەنجوومەنی ئاسایش لە ڤیدیۆکەیدا تیمێکی دژەتیرۆری سلێمانی بە کوشتنی هاوکار جاف تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، بە فەرمانی راستەوخۆی "بەرپرسی دژەتیرۆری سلێمانی" و "بەرپرسی هەواڵگری دژەتیرۆری سلێمانی" کراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان تیمەکە پێکهاتوون لە "10 تۆمەتبار کە ئەفسەر و کارمەندی دژەتیرۆری سلێمانین و بریتین لە؛ تیمی چاودێری بە سەرپەرشتیی تۆمەتباری دەستگیرکراو (یاسر فەیسەڵ حوسێن، بەرپرسی وێستگەی دژەتیرۆری سلێمانی لە هەولێر) لەگەڵ 5 تۆمەتبار لە تیمی چاودێری کە دەستگیرکراون بەناوەکانی (سەرمەند نەجمەدین رەشید، ئەحمەد فەیسەڵ حوسێن، عەلی هاشم ئەحمەد، رەنجدەر ئیسماعیل نەجم و عەلی حوسێن شوکر)".
 
بەڵام دواتر دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی راگەیێیندراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی رەتکردەوە و رایگەیاند "ناوهێنانی دژەتیرۆر و تۆمەتبارکردنی لەلایەن هێزێکی هەواڵگری چەواشەکار کە هەمیشە لە بەرەکانی جەنگی پارێزگاری لە کوردستان هەڵهاتووە و سەر بە لایەنێکی پیلانگێڕی دۆڕاوی ئەم هەرێمەیە کە رێڕەوی ئاسایشیان ونکردووە و، لەبری کارکردن بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمەکەمان، سەرقاڵی داتاشینی ئەو سیناریۆیانەن کە سیاسییە دۆڕاوەکانیان فەرمانیان پێدەکەن و ئەم دەزگا هەواڵگرییە چەواشەکارە جێبەجێیان دەکات."
 
دەزگای دژەتیرۆری سلێمانی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەفسەرەکان، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەزگای دژەتیرۆر رەتکردنەوە و رایگەیاند، "دڵنیاتان دەکەینەوە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان زۆر لەوە هۆشیار و تێگەیشتووترن کە بکەونە ژێر کاریگەریی سیناریۆی بەتاڵ و بێبنەماوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.