لەگەڵ رەنج؛ "دەبێت کارگە بۆ رووەکە سرووشتییەکان دابمەزرێنین"

04-06-2023
هیدایەت جان
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
بەرنامەی لەگەڵ رەنج.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە باشووری کوردستان زیاتر لە سێ هەزار جۆر رووەکی سرووشتی هەن، کە بە گوتەی سەرۆكی ناوەندی رووەكی ‏سرووشتیی ‏كوردستان هەر کامەیان بۆ بەرهەمهێنانی جۆرە دەرمانێک لە جیهاندا بەکاردەهێندرێت و داوا دەکات حکومەت کار لەسەر بە پیشەسازیکردنی ئەو رووەکە سرووشتیانە بکات بۆ ئەوەی دەرمانیان لێ دروستبکرێت و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاویش دەڵێت؛ تاوەکو ئێستا دوو کارگە لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە بۆ ئەوەی دەرمان لە رووەکە سرووشتییاکان دروستبکەن.
 
 
رۆژی یەکشەممە، 4ـی حوزەیرانی 2023 بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ ‌و سەرچاوەكانی ئاو، ‏د. كاوە عەبدولكریم، سەرۆكی سەندیكای ‏ئەندازیارانی ‏كشتوكاڵی، ‏د. سامان ئەحمەد، سەرۆكی ناوەندی رووەكی ‏سرووشتیی ‏كوردستان، ‏فاروق عەلی، ئەندازیاری كشتوكاڵی و كارمەند لە ‏رێكخراوی ‏فاو و هەڵكەوت محەممەد، ئەندامی مەكتەبی جێبەجێکاری یەكێتی ‏گشتیی ‏جووتیارانی ‏‏كوردستان ‏تاوتوێی بە پیشەسازیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لە رووەکە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانیان کرد.
 
توێژینەوەی زانستی لەسەر رووەکە سرووشتییەکان
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ ‌و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو لە وەزارەتی کشتوکاڵ 657 توێژینەوەی زانستیمان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لەسەر رووەکە سرووشتییەکان کردووە کە سوودی ئابووری و زانستییان هەیە". 
 
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت: "توێژینەوە لەسەر رووەکی مۆرینگە کراوە و دەرکەوتووە جگە لە چارەسەری نەخۆشی، سوودی ئابووریشی هەیە بۆ هەرێمی کوردستان و لەگەڵ خاوەنی توێژینەوەکە گەیشتووینەتە رێککەوتن کە بە پیشەسازی بکرێت، لەبەر ئەوەی تا قۆناخی بە پیشەسازیکردن دەستپێنەکەین ناتوانین سوود لە رووەکەکانمان وەربگرین".
 
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، "دەبێت کارگە دابمەزرێنین بۆ ئەو رووەکە سرووشتیانەی کۆدەکرێنەوە، هەرکات بگەین بەو ئاستە، دەتوانین سەتان هەلی کار برەخسێنین، بۆ نمونە دوو ساڵ توێژینەوەمان لەسەر گوڵی راپس لە هەرێمی کوردستان کرد، ئێستا گەیشتووینەتە قۆناخی دروستکردنی کارگەی بەرهەمهێنانی رۆنی گوڵی راپسین، بۆ رووەکی مۆرینگەش بە هەمان شێوە خەریکی دروستکردنی کارگەین".
 

 

بە پیشەسازیکردنی رووەکە سرووشتییەکان
 
‏د. كاوە عەبدولكریم، سەرۆكی سەندیكای ‏ئەندازیارانی ‏كشتوكاڵی ‏پێیوایە بە پیشەسازیکردن و وەبەرهێنان لە رووەکە سرووشتییەکان، بەتایبەت بۆ بەرهەمهێنانی دەرمان کارێکی قورسە و پێویستی بە پاڵپشتییەکی گەورەی زانستی هەیە.
 
د. كاوە عەبدولكریم گوتی: "هەموو رووەکێک و تەنانەت ئەو ئەسپرینەی دەیخۆین، پێی دەگوترێت ئەستریل سانسلیک ئەسید، سانسلیک داری شەنگەبییە و گەڵاکەی ئەسپرینی تێدایە، لە پێکهاتەی ناوەوەی هەموو رووەکەکان جۆرێک لە سیستمی بەرگری هەیە و دەکرێت دەرمانیان لێ دروستبکرێت".
 
سەرۆكی سەندیكای ‏ئەندازیارانی ‏كشتوكاڵی نایشارێتەوە کە بە پیشەسازیکردنی رووەکە سرووشتییەکان کارێکی قورسە و دەشڵێت، "راستە رووەکە سرووشتییەکە لە کوردستان زۆرە، بەڵام گرنگتر لەوە جین یان تۆرەمەی رووەکەکەیە کە دەبێت توێژینەوەی زانستی و وردی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا جینێکی بەهێزی هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی تێدا بکرێت".
 
پاراستنی تۆوی رووەکە سرووشتییەکان
 
د. كاوە عەبدولكریم رووەکە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرمایەیەکی نیشتمانی گەورە وەسف دەکات و پێیوایە پاراستنی تۆوی رووەکە سرووشتییەکان زۆر گرنگترە لەوەی تۆوی رووەکە کشتوکاڵییەکان بپارێزرێت و دەستیان کردووە بە کۆکردنەوەی تۆوەکانیان بۆ ئەوەی بانکێکی تایبەتیان بۆ بکەنەوە.
 
سەرۆكی سەندیكای ‏ئەندازیارانی ‏كشتوكاڵی دووپاتیدەکاتەوە، "راگرتن و پاراستنی تۆوی رووەکە سرووشتییەکان زۆر گرنگترە لە پاراستنی تۆوی رووەکە خۆراکی و پیشەسازییەکان، بۆیە ئێستا دەستمان کردووە بە کۆکردنەوەی تۆوی ئەو رووەکە سرووشتییانەی لە کوردستانن و لە بانکی رووەک بە شێوەی زانستی هەڵیاندەگرین.

 

 
گۆڕانی کەشوهەوا و گۆڕینی ستراتیژیی کشتوکاڵی
 
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان دەدات کە وایکردووە وەزارەتەکەی پێداچوونەوە بە ستراتیژیی کشتوکاڵی بکات بۆ ئەوەی بنەتۆوێک بخاتە بەردەستی جووتیاران لەگەڵ ئەو گۆڕانی کەشوهەوایە بگونجێت.
 
بە گوتەی بێگەرد تاڵەبانی، "وەزارەتی کشتوکاڵ بەهۆی نەبوونی یاسای بودجە و قەیرانی دارایی لەم کابینەیەدا هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە، ئەگەر بمەوێت لە وەزارەت پارەیەک بۆ دروستکردنی بەنداو یان پرۆژەیەکی کشتوکاڵی یان پاڵپشتیی جووتیار تەرخان بکەم، دەبێت داواکاری پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیران بکەم و ئینجا پارەم بۆ تەرخان بکرێت،" بۆیە ئەوە بە گرفتێک دەزانێت بۆ ئەوەی نەتوانرێت هەندێک لەو پلانە ستراتیژییانەی لە وەزارەتەکەی دانراون، جێبەجێ بکرێن.
 
لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کەشوهەوادا هاتوون و کاریگەری لە هەرێمی کوردستانیش کردووە، بێگەر تاڵەبانی دەڵێت: "ئێستا کار لەسەر ئەو بنەتۆوانە دەکەین کە بەرگەی گەرمای زۆر و کەمئاوی دەگرن، ئەو بنەتۆوانە دەخەینە بەردەستی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانین بە بڕشتی زیاترەوە بەرهەمهێنان لە زەوییەکانماندا بکەین".
 
سێ هەزار جۆر رووەکی سرووشتی لە هەرێمی کوردستان
 
‏د. سامان ئەحمەد، سەرۆكی ناوەندی رووەكی ‏سرووشتی ‏كوردستان ئاماژە بە زیاتر لە سێ هەزار جۆر رووەکی سرووشتی دەدات کە لە هەرێمی کوردستان هەن و توێژینەوەی لەسەر دوو جۆر لەو رووەکانە کردووە کە بۆ نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی قۆڵۆن و کەمکردنەوەی چەوری سەر جگەر دەرمانن.
 
بەگوێرەی ئامارەکانی د. سامان ئەحمەد؛ ‏‏‏‏لە باشووری کوردستان نزیکەی سێ هەزار جۆر رووەکی سرووشتی هەیە و لەسەر ئاستی کوردستانی گەورەش لە نێوان 16 بۆ 17 هەزار جۆر رووەکی سرووشتی هەن کە هەرکامەیان تایبەتمەندی خۆیان هەیە، لەو ژمارەیە نزیکەی 10٪ـی رووەکەکان تەنیا لە کوردستان دەڕوێن و لە هیچ شوێنێکی دیکەی دنیادا ناڕوێن.
 
سەرۆكی ناوەندی رووەكی ‏سرووشتی ‏كوردستان گوتی: "دوو رووەکمان لە شاخەکانی کوردستان دۆزیوەتەوە کە بۆ یەکێکیان بڕوانامەی داهێنانم لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق وەرگرتووە، ئەو رووەکە بۆ کەمکردنەوەی چەوری سەر جگەر بەسوودە و ئەوی دیکەشیان بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجەی قۆڵۆن سوودی هەیە". وەکو ئاماژەشی پێدەدات، ماوەی پێنج ساڵ لە زانکۆی سلێمانی لێکۆڵینەوەی زانستییان لەسەر ئەو دوو رووەکە کردووە و دواجار توانیویانە بروانامەی داهێنان بۆ یەکێکیان وەربگرن.
 
 
دروستکردنی بانکی رووەکی سرووشتی
 
سەرۆكی ناوەندی رووەكی ‏سرووشتی ‏كوردستان باس لە دروستکردنی بانکێک بۆ کۆکردنەوە و پاراستنی رووەکە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 هەزار نموونەیان بۆ کۆکردوونەتەوە.
 
بە گوتەی د. سامان ئەحمەد، "لە دامەزراوەی رووەکی کوردستان تاوەکو ئێستا زیاد لە 70 هەزار نموونەی رووەکی سرووشتیمان کۆکردووەتەوە و بە شێوەیەکی زانستی لە گیاخانەدا هەڵمانگرتوون". 
 
وەکو د. سامان ئەحمەد ئاماژەی پێدەدات؛ "زۆربەی ئەو شرووبانەی دەدرێن بە منداڵ، مادەی هایۆسیامینیان تێدایە کە لە رووەکی هایۆسیامەج دەردەکرێت، ئەو رووەکە لە کوردستان پێی دەگوترێ خەرەبەن کە لە شاخەکانی کوردستان یەکجار زۆرە، کۆکردنەوە و وەبەرهێنان لەو رووەکە سەرمایەیەکی زۆری ناوێت، تەنیا پێویستە بە شێوەیەکی زانستی کاری لەسەر بکرێت، چونکە سەرچاوە سرووشتییەکە خۆی لە شاخەکانی کوردستان هەیە".
 
"توێژینەوەکان تەنیا لەسەر ئاستی بیرۆکە دەمێننەوە"
 
هەڵكەوت محەممەد، ئەندامی مەكتەبی جێبەجێکاریی یەكێتی ‏گشتیی ‏جووتیارانی ‏‏كوردستان پێیوایە ئەو توێژینەوە زانستیانەی لەسەر رووەکە سرووشتییەکان دەکرێت، تەنیا لەسەر ئاستی بیرۆکە دەمێننەوە و هیچ هیوایەک نییە کە بخرێنە قۆناخی جێبەجێکردنەوە.
 
هەڵكەوت محەممەد دەڵێت، "گەشبین نیم لەوەی حکومەت وەبەرهێنان لە بواری بە پیشەسازیکردنی رووەکە سرووشتییەکاندا بکات، لەبەر ئەوەی هیچ دید و بەرنامەیەکی دوورمەودای بۆ ئەو کەرتە، تەنانەت ستراتیژی بۆ ئەو بەرهەمانەش نییە کە ئێستا بەردەستە و جووتیاران بەرهەمی دەهێنن".
 
ئەندامی مەكتەبی جێبەجێکاری یەكێتی ‏گشتیی ‏جووتیارانی ‏‏كوردستان زیاتر روونیدەکاتەوە: "رەنگە جووتیاران گوێ بەو تێڕوانینە ئەکادیمی و زانستییانە نەدەن کە لەبارەی گرنگی رووەکە سرووشتییەکان دەخرێنە روو، چونکە ئەوان دەبینن ئەو گەنم و دانەوێڵە و بەروبوومەی کە بەرهەمیان هێناوە، بۆیان ساخ نابێتەوە.
 
بەرهەمهێنانی گەنمی ساوەر
 
‏فاروق عەلی، ئەندازیاری كشتوكاڵی و كارمەند لە ‏رێكخراوی ‏فاو ‏‏پێیوایە کەشوهەوا و خاکی کوردستان یەکجار لەبارە بۆ بەرهەمهێنانی گەنمی ساوەر و ئاماژە بە کۆمەڵێک هۆکار دەکات وایان کردووە جووتیاران روو لە بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە گەنمە نەکەن.
 
بە گوتەی فاروق عەلی، "وەزارەتی بازرگانیی عێراق تەنیا گەنمی ئارد دەکڕێت، بۆیە جووتیاران دەست بۆ بەرهەمهێنانی گەنمی ساوەر ناکەن، سەرەڕای ئەوەی کەشوهەوای کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی ئەو گەنمە یەکجار لەبارە". دەشڵێت، "وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق لە هاوئاهەنگیدایە و پێشنیازکراوە، لەبری ئەوەی هەموو مانگێک لە بەرنامەی بەشەخۆراکی مانگانە ئارد یان برنج دابەش بکرێت، چەند مانگێکیش ساوەر دابەش بکەن بۆ ئەوەی هەم حکومەتی عێراق ئەو گەنمە بکڕێت و هەمیش هاندانێک بێت بۆ جووتیارانمان بۆ ئەوەی گەنمی ساوەر بەرهەم بهێنن".
 
لەبارەی وەڵامی عێراق بۆ پێسنیازەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، فاروق عەلی ئاماژەی بەوەدا کە "کاتێک ئەو داواکارییەمان پێشکێش بە حکومەتی عێراق کرد، ئەوان داوایان کرد لێکۆڵینەوە بکرێت و ئێستا لەسەر ئاستی عێراقدا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکەن کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".
 

 

.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."