بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای کرماشان روویدا

رووداو دیجیتاڵ

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی ریختەر، ناوچەی داڵاهۆی لە پارێزگای کرماشان هەژاند و هێشتا نازانرێ زەرەر و زیانی هەبووە یان نا.
 
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆماری بوومەلەرزەی زانکۆی تاران، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 4-6-2023) کاژێر 08:21ـی خولەک بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بوومەلەرزەیەک لە شاری داڵاهۆ، لە رۆژئاوای پارێزگای کرماشان روویدا.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 8 کیلۆمەتری زەوی و لە ناوەندی شارۆچکە گاوارە لە ناوچەی داڵاهۆ روویداوە.
 
نیو کاژێر دوای ئەو بوومەلەرزەیە، پاشلەرزەیەک بە گوڕی 4 پلەی ریختەر و لە قووڵایی 5 کیلۆمەتری زەوی دا، دیسان ناوچەی داڵاهۆی هەژاندەوە.
 
دامودەزگا پەیوەندیدارەکان تائێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر زەرەر و زیانەکانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکردووەتەوە.
 
ژمارەی دانیشتووانی شاری داڵاهۆ 40 هەزار کەسە و 100 کیلۆمەتر لە شاری کرماشان دوورە.
 
ئەم بوومەلەرزەیە لەکاتێکدایە سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، کاژێر 01:25 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ  بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی شانگوش سەربە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان تۆمارکرا. 
 
هەردوو پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئامەد لە باکووری کوردستان  974.8 کیلۆمەتر لەدووری یەکترن.