بەرەی یەکگرتووی کورد: بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ئێران ناکەین

رووداو دیجیتاڵ
 
بەرەی یەکگرتووی کورد رایگەیاند، چەندینجار هەوڵیانداوە بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئێران هەبێت، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە، بۆیە بەشداری لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و ئەنجوومەنی شار و گوندەکانی ئێران ناکەن.
 
بەرەی یەکگرتووی کورد لە راگەیێندراوێکدا، کە ئەمڕۆ هەینی 4-6-2021 بڵاوکراوەتەوە دەڵێت، دەسەڵاتی ئێران لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا تەنیا مافی دەنگدان بە کورد رەوا دەبینێت و سەرەڕای ئەوەی کە کورد زیاتر لە 10%ی دانیشتووانی ئێران پێکدێنێت، رێگە نادرێت هیچ بەربژێرێکی کورد بۆ سەرۆککۆماری ئێران خۆی بەربژێر بکات.
 
هەروەها بەرەی یەکگرتووی کورد ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردن، ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور زیاتر لە رابردوو هەوڵی یەکدەستکردنی دەسەڵاتی داوە.
 
بەرەی یەکگرتووی کورد کە تەنیا رێکخراوی سیاسی نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە دەڵێت، چەندینجار هەوڵیداوە بەربژێری بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی شارەکان هەبێت، بەڵام ئەوانیش رەتکراونەتەوە. لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، دەرفەتی بەشداریکردنی کاریگەر لەم هەڵبژاردنانەدا نابینن، بۆیە بەشداری تێدا ناکەن.
 
بەرەی یەکگرتووی کورد لە ساڵی 2005، به هەوڵ و تێکۆشانی نوێنەری کۆچکردووی شاری سنه، ئەندازیار بەهائەدین ئەدەب و چەند چالاکڤانێکی کورد دامەزرا، ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی ئێستا و پێشووی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەندامی بەرەکەن.
 
بەرەی یەکگرتووی کورد تاکە رێکخراوی سیاسی کوردییە لە ئێران و بە پابەندبوون بە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران دامەزراوە. ئۆفیسی سەرەکی رێکخراوەکە لە تارانی پایتەختی ئێرانە.