رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بەهۆی دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی ئەلیکترۆنی بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە کەمپی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک بەربژێرکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە پەیوەندیی مۆبایل.
عەبدوڵڵا حەسەن، گوتەبێژی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار لە عێراق خزمەتگوزاریی تەندروستیی ئەلیکترۆنی و چارەسەری تەندروستی لە دوورەوە بۆ پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە کەمپی بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک دابینکرد، ئەوەش لە رێگەی کردنەوەی سەنتەرێکی پێشکەوتوو کە بەستراوەتەوە بە شاری پزیشکیی فارووق لە پارێزگای سلێمانی، ئاسیاسێڵ بەربژێرکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتیی گلۆمۆی ساڵی 2021 تایبەت بە پەیوەندیی مۆبایل لە چوارچێوەی گرووپی 'تەکنۆلۆجیا لەپێناو چاکە'دا کە سیستەمی نێودەوڵەتیی پەیوەندییەکانی مۆبایل پێشکێشی دەکات لە دیداری ساڵانەی جیهانیی مۆبایل 'MWC' لە بارسیلۆنا لە ئیسپانیا".
عەبدوڵڵا حەسەن گوتیشی: "سەنتەری پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی چارەسەر و راوێژکاریی پزیشکی بە پەنابەرانی کەمپی بەردەڕەش لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی شاری پزیشکی فارووق و بە هاوکاری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەڕێوەدەبرێت؛ سەنتەرەکە بەخۆڕایی خزمەتگوزاریی چارەسەر و راوێژکاریی پزیشکی لە رێگەی پەیوەندی بە ئەنتەرنێت و بە دەنگ و رەنگ پێشکێشی پەنابەرانی کەمپی بەردەڕەش دەکات".
هاوکات عەبدولواحید ئەمین، بەرپرسی نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە دهۆک لەبارەی ئەو سەنتەرەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گرێبەستی سەنتەرەکەی ئاسیاسێڵ بۆ شەش مانگ بوو و لە 12ی شوباتی 2021 دا کۆتاییهات، بۆیە ئێستا سەنتەرەکە لە کەمپی بەردەڕەش نەماوە، بەڵام کاتێک هەبوو دوو جۆر خزمەتگوزاری پێشکێشی پەنابەرانی کەمپەکە دەکرد. یەکەمیان خزمەتگوزاریی چارەسەر و راوێژکاریی پزیشکی لە رێگەی پەیوەندیکردن بە ئەنتەرنێت بوو؛ دووەمیشیان خولی فێرکردنی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و ئەنتەرنێت بوو".
لە کەمپی بەردەڕەش 4 هەزار و 99 پەنابەری رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێن؛ نزیکەی 2 هەزاریان خەڵکی شارەکانی سەرێکانی و گرێسپین کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا و چەکدارەکانی هاوپەیمانی تورکیا ماڵ و شوێنی خۆیان جێهێشتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ