تەندروستیی سلێمانی: خەڵک هەیە دەزانێت کۆرۆنای هەیە و لە بازاڕ دەسووڕێتەوە

04-06-2020
شادی عەبدوڵڵا
شادی عەبدوڵڵا
نیشانەکردن کۆرۆنا سلێمانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

تەندروستیی سلێمانی لەبارەی رەوشی تەندروستیی تووشبووانی ئەمدواییەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، زیاتر لە 50 کەسیان نیشانە لەسەر سییەکانیان دەرکەوتووە و بووەتە هۆی هەوکردنی سییەکانیان.

دکتۆر هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئێستا لە سلێمانی 50 تووشبووی کۆرۆنا نیشانەیان لێدەرکەوتووە و زیاتر لە 10 نەخۆش پێویستیان بە ئۆکسجینە، هەروەها چەند کەسێک لە قۆناخی کۆتایی تووشبوونەکە نزیکبوونەتەوە و رەوشی تەندروستییان دژوارە.

دکتۆر هێرش سەلیم ئاماژەی بەوەکرد تووشبووەکانی ئەمدواییە زیاتر نیشانەیان هەیە بەراورد بەوانەی پێشوو: "لەم دوو هەفتەیەدا بەراورد بە پێشوو، گیانلەدەستدان زیادیکردووە، چونکە شەپۆلی ئەمجارە ژمارەکەی زیاترە و ئەوانەی تووشبوون نیشانەیان هەیە، بەڵام بێگومان لەبەر ئەوەی تووشبوون زیادیکردووە، ژمارەی مردنیش زیاد دەکات".

لەبارەی ئەو پیاوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا و تەمەنی 53 ساڵ بوو، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی دەڵێت ئەو نەخۆشە لە سەرەتای شەپۆلی دووەمی تووشبوون لە نەخۆشخانە خەوێندرا، هەر لە سەرەتای هەفتەی یەکەمەوە باری تەندروستی تێکچووە و نیشانەکانی تێدا دەرکەوتوون "ئەو تووشبووە هیچ نەخۆشییەکی دیکەی نەبوو، ماوەی سێ رۆژبوو رەوشی تەندروستی دژوار ببوو، بەڵام بەداخەوە تیمەکان نەیانتوانی رزگاری بکەن چونکە رۆژ بە رۆژ وەڵامدانەوەی بۆ دەرمانەکان سەختتر دەبوو و گیانی لەدەستدا".

تائێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی 505 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، 163 کەسیان چاکبوونەتەوە و 13ی دیکەیان گیانیان لەدەستداوە.

دکتۆر هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات لە 218 نەخۆش لە شەپۆلی ئەمجارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکراون، لە کۆی ئەو ژمارەیە نزیکەی 50 کەس چاکبوونەتەوە، ژمارەیەکی زۆریشیان نیشانەیان نییە و لە میوانخانە داندراون و تیمی پزیشکی چاودێرییان دەکات.

بەهۆی گوشاری زۆری سەر نەخۆشخانەکان، دوو میوانخانە لە سلێمانی تەرخانکراون بۆ ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە نیشانەیان نییە و رەوشی تەندروستیان باشە، هەر میوانخانەیەک 80 کەس دەگرێت، یەکێکیان پڕبووە و ئەوەی دیکەش 40 تووشبووی تێدایە.

هەروەها سێ نەخۆشخانە لە سلێمانی تەرخانکراون بۆ تووشبووانی کۆرۆنا، نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی کە نزیکەی 100 نەخۆش دەگرێت، هەروەها  نەخۆشخانەی شەهید دکتۆر ئاسۆ کە 150 نەخۆش دەگرێت، لەگەڵ نەخۆشخانەی  دکتۆر هێمن کە بە نەخۆشخانەی "جمهوری" ناسراوە، ئەمشەو چۆڵکراوە بۆ ئەوانەی گومان دەکرێت کۆرۆنایان هەبێت و زیاتر لە 100 نەخۆش دەگرێت. لەو نەخۆشخانانەی سلێمانی، تەنیا نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی پڕبووە.

دکتۆر هێرش سەلیم نیگەرانە لە پابەندنەبوونی خەڵکی و دەڵێت، خەڵک هەبووە هەڵگری ڤایرۆسەکەش بووە و رێنمایی پێدراوە بچێت بۆ نەخۆشخانە، بەڵام سەرەڕای ئەوە چووەتە بازاڕ و تێکەڵی خەڵکیش بووە.

لەبارەی قۆناخی داهاتوو، دکتۆر هێرش سەلیم دەڵێت، لە داهاتوودا ئەوەی نیشانەی نەبێت دەبێت لە ماڵەوە چاودێری خۆیان بکەن و کەی نیشانەیان لێدەرکەوت دەتوانن بێنە نەخۆشخانە، چونکە ئەگەر ژمارەی تووشبووانی بەم شێوەیە بەردەوامبێت لە هەڵکشان نەخۆشخانەکان ناتوانن هەموو تووشبووەکان وەربگرن.

سلێمانی کە زۆرترین تووشبووی کۆرۆنای هەیە لە هەرێمی کوردستان، تائێستا دوو پلانی کۆرۆنای تێپەڕاندووە و ئێستا خەریکی جێبەجێکردنی پلانی سێیەمە، کە چۆڵکردنی نەخۆشخانەی دکتۆر هێمن بوو.

دکتۆر هێرش سەلیم دەڵێت ئەگەر ژمارەکە زیاد بکات، دەبێت نەخۆشخانەی شار و 400 قەرەوێڵەیی و هەموو نەخۆشخانەکانی دیکە چۆڵ بکرێن و هەموویان بۆ کۆرۆنا تەرخان بکرێن.

لەبارەی هەبوونی ستافی پێویستی پزیشکیی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژمارەی زۆری تووشبووانی کۆرۆنا، دکتۆر هێرش سەلیم دەڵێت هەموو هەرێمی کوردستان قەیرانی ژێرخانی تەندروستی هەیە، لە رووی هێزی مرۆیی و بابەتەکانی دیکەش.

دکتۆر هێرش سەلیم لەوبارەیەوە بە رادیۆی رووداوی گوت: "لە قەیرانی دارییداین و ئەستەمە بتوانین قەناعەت بە هەموو کەسێک بکەین دەواممان بۆ بکات، باری دارایی لەسەر کارمەندی تەندروستیش سەخت بووە و کاریگەری دەروونیش زۆرە".

هەروەها دەڵێت: "ئەو دۆخە سیاسییەی ئێستا لە کوردستان هەیە ئەرکی ئێمەی زۆر سەختکردووە، ئەگەر تاکپارێزی لەلایەن خەڵکەوە جێبەجێبکرێت دەچینە کەنارێکی ئارامتر، بەڵام ئەگەر جێبەجێ نەکرێت ئەوا ئێمەش ناتوانین کۆنترۆڵی بکەین و دەبێت چاوەڕێی ئەوە بکەین کە شوێن نەمێنێ لە نەخۆشخانەکان. دەبێت رەوشی سیاسی نەبێتە هۆکاری ئەوەی ڤایرۆسەکە زیاتر تەشەنە بسەنێت نابێت وابکات بیانوو بداتە خەڵک کە بایەخی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نەمێنێت".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە