رووداو دیجیتاڵ
لە ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە بەشێک لە قیرتاوی شەقامێکی گشتی رۆچووە و ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ ئۆتۆمبێل دروستکردووە. بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت: دوای کۆتاییهاتنی بارانبارین، دەست بە چاککردنەوەی دەکرێت.
لە نێوەڕاستی هەفتەی رابردووەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ (شەممە 04-05-2024) لە زۆربەی ناوچەکان لێزمەباران بوو. سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە هەڵەبجە دەڵێ دوای بارانبارینێکی بەخوڕ، بەشێکی شەقامی بەردەم نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە رۆچوو و ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ ئۆتۆمبێل و هاونیشتمانییان دروستکرد.
بەپێی زانیارییەکان، لە ژێر قیری ئەو شوێنەی رۆچووە، کێبڵی کارەبا هەیە، ئەمەش مەترسیی لەسەر گیانی هاونیشتمانییان دروست دەکات. فەرحان عیزەت، بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی هەڵەبجە لەوبارەوە بە رووداوی گوت، کارەباکەیان بڕیوە بۆ ئەوەی رووداوەکە زیانی گیانی بەدوای خۆیدا نەهێنێت.
فەرحان عیزەت ئاماژەی بەوە کرد، ''بەهۆی ناجێگربوونی کەشوهەوا، چاککردنەوەی شەقامەکە دەکەوێتە دوای کۆتاییهاتنی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە.''
وەک بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی هەڵەبجە گوتی، سەرەتا لیژنەیەک هۆکاری سەرەکیی رۆچوونی شەقامەکە دەستنیشان دەکات، دواتر دەست بە نۆژەنکردنەوەی دەکرێت.
دوێنێ بەهۆی لافاوەوە لە قەزای قەرەداخ لە پارێزگای سلێمانی چوار شاخەوان گیانیان لەدەستدا؛ هاوکات لە چەند شارێکی دیکە ئاو چووە نێو ماڵانەوە و زیانی پێگەیاندن.
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆ کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "لە دوای نیوەڕۆوە لێزمەباران و هەورە برووسکەی ناوبەناو لە زۆربەی ناوچەکان بە شێوەی پچڕ پچڕ بەردەوام دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ