دوو رۆژنامەڤانەکەی سلێمانی بە کەفالەت ئازادکران

04-05-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هەردوو رۆژنامەڤان ئارام حەسەن و شەرمین عەلی، دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە دەستگیرکردنیان، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە کەفالەت ئازادکران.
 
پاشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، 26-04-2023 هێزێکی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی سلێمانی ناسراو بە سوات لە قەزای کەلار ژن و مێردێکیان بە ناوەکانی ئارام حەسەن، شەرمین عەلی، کە یەکەمیان بەرپرسی پێشووی کۆنترۆڵی کامێراکانی دەروازەی سنووری پەروێزخان و دووەمیشیان بەرپرسی راگەیاندنی دەروازەکە بووە، دەستگیر کرد. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 04-05-2023 بڕوا حەسەن برای ئارام حەسەن بە هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان راگەیاند: "برا و براژنەکەی بە کەفالەت ئازادکراون و ئێستا بەرێگەوەن لە سلێمانی بۆ کەلار دەگەڕێنەوە."
 
ئارام و شەرمین، ماوەی مانگێک دەبێت دەوامیان گواستووەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی باجی خانووبەرەی گەرمیان، لە نهۆمی دووەمی ماڵی باوکی ئارام لە گەڕەکی شەهیدانی قەزای کەلار، دوای ئەوەی لە دەوام گەڕاونەتەوە، لەلایەن هێزەکەی ئاسایش لە ماڵەکەیان دەستگیر کراون.
 
رۆژی چوارشەممە، 03-05-2023  دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەی (431)ـی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، چونکە فەرمانبەری حکومەتن و هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان روونە."
 
ئاسایش لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: لە ماوەی رابردوودا ئەو دوو کەسە "خۆیان و پەڕاویان خراونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و بەڕێزیان بینیونی و گوتەیانی وەرگرتووە و هەموو رێکارێکی یاساییان بۆ گیراوەتەبەر، دەزگای ئاسایش تەنیا لایەنی جێبەجێکاری یاسایە."
 
رۆژی 26-04-2023 بڕوا حەسەن، برای ئارام حەسەن، سەبارەت بە دەستگیرکردنی برا و براژنەکەی بە رووداوی گوت: "دەستگیرکردنی ئەوان پەیوەندیی بە کاری رۆژنامەوانییەوە نییە، راستە ژنی براکەم پێشتر پەیامنێر بووە و ئارامیش چالاکڤان بووە، بەڵام دەستگیرکردنیان پەیوەندیی بە کەیسی رۆژنامەڤانییەوە نییە." گوتیشی: "هەندێک کێشەیان هەبووە لەگەڵ چەند کەسێک لە دەروازەی پەروێزخان، بەڵام ئیدی نازانین بۆچییە و لەسەر چییە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە